ڤلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند گفتوگۆیەکی هەستیاری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە وڵاتەکەی، گەیشتە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان و شاندێکی باڵای ئەمەریکا ئەنجامدا.
سەرۆکی ئۆکراینا سەرەتا لەگەڵ یۆناس گار ستۆرە، سەرۆک وەزیرانی نەرویج و ئەلیکسەندەر ستوب، سەرۆکی فینلەندا کۆبووەوە، دواتریش بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کرد لەگەڵ ستێڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارید کۆشنەر دانوستانکاری ئەمەریکی، هاوشانی نوێنەرانی ئەڵمانیا، یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە فەراهەمکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا، دیاریکردنی چارەنووسی سزاکانی سەر ڕووسیا و داڕشتنی ڕێکخستنە ئەمنییەکانی ئەوروپا لە قۆناغی دوای شەڕدا. لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک وەزیرانی نەرویج ئاشکرای کرد کە دوابەدوای ئەم کۆبوونەوانە، ستێڤ ویتکۆف نێردەی ئەمەریکا بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا بەرەو شاری سانت پترسبۆرگ بەڕێدەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە زێلینسکی ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا دەستیکردووەتەوە بە پێدانی زانیارییە هەواڵگرییەکان بە کیێڤ سەبارەت بە هێرشەکانی ڕووسیا بەتایبەت لە بواری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان، ئەمەش پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن لەوانەش مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی خۆی بە دۆڕاو نازانێت و سوورە لەسەر هێنانەدیی ئاشتییەکی دادپەروەرانە.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە چڕانەی ئۆسلۆ دوای ئەوە دێن کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کیێڤ، بەهۆی دواکەوتنی گەیاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کێشەی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک و هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ نەرمکردنی بەشێک لە سزاکانی سەر مۆسکۆ، تووشی ساردی و ئاڵۆزی ببوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.