ڤلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند لە میانی زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی سوپای ڕووسیادا لە ماوەی یەک شەودا، زیانی قورس و وێرانکەر بەر ژێرخانی سەرەکیی وزەی وڵاتەکەی کەوتووە و بەو هۆیەوە 28 وێستگەی لاوەکیی کارەبا و دامەزراوەی هەستیار بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکدا دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئۆنلاین لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی کەرتی وزە ئاشکرای کرد کە بۆردومانەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتووەتەوە، بەجۆرێک لە شاری "ڕیڤنێ" تۆڕی سەرەکیی کارەبا بە تەواوی پێکراوە و بووەتە هۆی پچڕانی دەستبەجێی تەزووی کارەبا لە تەواوی شارەکە و دەوروبەریدا. هاوکات لە پارێزگای "ژیتۆمیر" وێستگەیەکی سەرەکی پەکخراوە و بووەتە هۆی شەلەلێکی گەورەی خزمەتگوزاری، هاوشانی کەوتنەوەی زیانی قورس لە ژێرخانی پارێزگاکانی "ڤینیتسیا، خملنیتسکی و ئۆدێسا"، کە لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاووڵاتی لە کارەبا بێبەش بوون.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشە چڕەکانی ڕووسیا بە وردییەکی زۆرەوە فۆڵدەرە زەبەلاحەکان (محولات) و ژوورەکانی کۆنترۆڵکردنی وێستگەکانیان کردووەتە ئامانج کە ئەرکیان دابەزاندنی ڤۆڵتیەی بەرز و دابەشکردنی کارەبای بەرهەمهاتوو بووە بەسەر شارەکان و پیشەسازییە سەربازییەکاندا. شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە دروستکردن و گواستنەوەی ئەم جۆرە کەرەستە دەگمەنانە چەندین مانگی پێویستە، ئەمەش قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای ئۆکراینا لە نزیک وەرزی زستاندا زۆر ئاڵۆز دەکات.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا بە مەبەستی پچڕاندنی تەزووی کارەبا بووە لەو دامەزراوە سەربازی و کارگە پیشەسازییانەی کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە کەرتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.