Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 19:23

ئێران ئامادەیی بۆ نێوەندگیری لە نێوان سعوودیە و حوسییەکان دەردەبڕێت بەڵام سعوودیە رەتیدەکاتەوە

100%

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکان لە یەمەن و ئاسانکاری بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوانیاندا بکات.

عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونی 12 ساڵەی گرژییەکان سەلماندوویەتی چارەسەری سەربازی بۆ پرسی یەمەن بوونی نییە و ڕێگەی دیپلۆماسی تەنیا بژاردەی بەردەوامە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە ئەم پێشنیارە بەندە بە خواستی هەردوو لایەنی ململانێکارەوە.

لە بەرامبەردا، سعوودیە پێشنیارەکەی ئێرانی ڕەت کردەوە. ڕائد کرێملی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بە هاندانی ڕاستەوخۆ و پشتیوانیی ئێران بووە، کە ئەمەش بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی پەکین (کە لە ساڵی 2023 واژۆ کراوە) دادەنرێت.

کرێملی جەختی لەوە کردەوە کە سعوودیە داوای هیچ نێوەندگیرییەکی لە تاران نەکردووە، چونکە: سعوودیە کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حوسییەکان هەیە. هەروەها سەڵتەنەتی عومان تەنیا ڕۆڵی ئاسانکاری لە گفتوگۆکاندا دەبینێت، نەک نێوەندگیری.

ئەم وەڵامە توندەی سعوودیە، بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەو متمانە نەبوونەی لە نێوان ڕیاز و تاراندا لەسەر دۆسیەی یەمەن و ململانێ هەرێمییەکاندا بەردەوامە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.