Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 19:24

پێدرۆ سانچێز: شەڕی دژ بە ئێران زیاتر لە 112 ملیار دۆلار زیانی بە ئەورووپا گەیاندووە

100%

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە برۆکسل ڕایگەیاند، شەڕی دژ بە ئێران زیاتر لە 112 ملیار دۆلار زیانی بە ئەورووپا گەیاندووە و هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەورووپا لە برۆکسل ڕایگەیاند: شەڕی دژی ئێران زیاتر لە (112) ملیار دۆلار زیانی بە ئەورووپیەکان گەیاندووە و لەم نێوەندەشدا هاووڵاتییانی ئاسایی قورسترین باری ئابووریی ئەو ململانێیەیان لەسەر شانی خۆیان هەڵگرتووە.

پێدرۆ سانچێز ڕوونیکردەوە کە نەیارانی ئەو شەڕە هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی ڕاستیان هەبوو، نەک تەنیا لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە سەختانەی کە ئێستا هاووڵاتییان پێیدا تێپەڕ دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵک لە دەستپێکەوە دژی ئەم شەڕە بوون، چونکە دەزانن لە کۆتاییدا خۆیان باجی سەرەکی دەدەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاشکرای کرد، بۆ سووککردنی ئەم بارگرانییە داراییە، پەرلەمانی ئیسپانیا پاڵپشتییەکی دارایی بە گوژمەی (13 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) بۆ هاوکاریکردنی کەرتە زیانمەندەکان پەسەند کردووە، هەروەها لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەپەلە چارەسەری ئەم کارەساتە بکرێت، چونکە ئابووریی ئەورووپا چیتر بەرگەی تێچووی زیاتری ئەم شەڕە ناگرێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.