Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 01:58

لە هەرێمی کوردستان مانگانە 14 هەزار شوشتنی گورچیلە بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێن

100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، لە ڕێگەی 20 سەنتەرەوە لە هەرێمی کوردستان، مانگانە نزیکەی 14 هەزار شوشتنی گورچیلە، پشکنین و دەرمان بە تەواوی بە بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتییانی هەرێم و نەخۆشانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دابین دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە چوارچێوەی دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە ئێستادا (20) سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت پێشکەش بە نەخۆشان دەکەن و مانگانەش نزیکەی (14,000) پرۆسەی شوشتنی گورچیلە ئەنجام دەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەموو نەخۆشێک لەو سەنتەرانەدا لە هەفتەیەکدا دوو بۆ سێ جار بێبەرامبەر شوشتنی گورچیلەی بۆ ئەنجام دەدرێت، هاوکات خزمەتگوزارییەکان تەنیا لە شوشتنی گورچیلەدا کورت نابنەوە، بەڵکوو سەرجەم پشکنینە ڕۆژانە و مانگانەییەکان لەگەڵ دابینکردنی دەرمانی پێویست بێبەرامبەر پێشکەش بە نەخۆشان دەکرێن.

لە سەنتەری شوشتنی گورچیلەی هەولێر (36) ئامێری پێشکەوتوو دابین کراوە و بە شێوەی 24 کاتژمێری خزمەت بە نەخۆشان دەگەیەنێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاستی بەرزی ئەم خزمەتگوزارییانە هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەخۆشانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بێبەرامبەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کار بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی دەکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئاستی چاودێریی پزیشکی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.