ڕێکخراوی یونیسێف هۆشداری دا کە لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم تاوەکو کانوونی یەکەمی 2026، زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ لە نزیکەی 100 وڵاتی جیهاندا بەهۆی دیاردەی سروشتیی "ئێل نینیۆ"ـوە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا دەبنەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 347 ملیۆن منداڵ لە نزیکەی 100 وڵات و هەرێم لە مانگی تشرینی یەکەم تاوەکو کانوونی یەکەمی ساڵی (2026)، بەهۆی دیاردەی "ئێل نینیۆ"ـوە ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی وشکەساڵی یان شێداریی زۆر ببنەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، زۆرترین ژمارەی منداڵان کە 190 ملیۆن منداڵە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم کەشوهەوا سەختە، هەروەها 41 ملیۆن منداڵ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و 22 ملیۆن منداڵیش لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست هەست بە لێکەوتەکانی دەکەن، هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە، پێشتریش نزیکەی 1.1 ملیار منداڵ لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕووی وشکەساڵی، شەپۆلی گەرما یان لافاو بوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز" بڵاوی کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەم دیاردەیەی "ئێل نینیۆ" ببێتە بەهێزترین لە دوای ساڵی (1950)ـەوە، بەو پێیەی ئێل نینیۆ دیاردەیەکی سروشتییە کە تێیدا پلەی گەرمیی ئاوەکانی زەریای هێمنی خولگەیی بۆ ئاستێکی نائاسایی بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی پلەکانی گەرما و بارانبارین.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەڕازیل بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەریی ئەم دیاردەیەی لەسەرە، بە جۆرێک ناوچەکانی باکوور و ئەمازۆن ڕووبەڕووی وشکەساڵیی توند و شەپۆلی گەرما بوونەتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە شایەتی بارانی بەلێزمە و لافاون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.