Erbil 31°C دووشەممە 05 تشرینی یەکەم 18:40

خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان، بۆ دوورکەوتەوە لە گۆرانی گوتن

100%

خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان

لەدواى گۆرانى ( ڕاز) ەوە ، دوورکەوتنەوە لە هونەرى گۆرانیگوتن ..؟!

بەپێویستم زانى  دواى چەندین ساڵ دابڕانى هونەرمەند خەلیل  محەمەدعەبدولڕەحمان لەبوارى  هونەرى گۆرانیگوتن ، دیدارێکى لەگەڵ دا سازبکەم و کێوماڵێک  بەنێو ژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریی و ژیان و کارە هونەرییەکانى بەنەوەى ئەمڕۆ ئاشنابکەم ، لەدەستپێکى دیدارەکەمدا لەهونەرمەندم پرسیی :

خەلیل عەبدولڕەحمان  کێ ؟

وەڵام : لەدەستپێکى کارى  هونەریم و لەتیپى مۆسیقاى یەکێتى قوتابیانى کوردستان کارى هونەریمان  دەکرد و دواتر بۆ مەبەستى تۆمارکردنى بەرهەمى هونەریی چووین بۆتەلەفزیۆنى  کەرکووک ، گرفتەکە لەتەلەفزیۆنى کەرکووکەوە  دەستى پێکرد ، لێرەشەوە دەمەوێت ئەوهەڵەیە  ڕاست بکەمەوە  و چیتر ئەو زوڵمە لەناوى باوکم نەکرێت  هەرچەندە بەدەست خۆم نەبوو ، من خەلیل عەبدولڕەحمان نیم ..! بەڵکو  ناوى دروستم  ( خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان) ە.

کاتێک چووینە تەلەفزیۆنى کەرکووک  لەکاتى تۆمارکردنى  گۆرانییەکە  خاتوونێک لەوێ کارى دەکرد ناوى ( سامیە ئەترەش) بوو لەکاتى نووسینى تایتڵ بۆ گۆرانییەکە ئەو  سامیە وتبووى ئەوە چییە  سلێمانى  ناوى محەمەدى زۆرە؟! تێنەگەیشتم مەبەستى چى بووە ؟  ناوى محەمەدەکەى لابردبوو ، ناوم بە  خەلیل عەبدولڕەحمان  تۆمارکرابوو وە بەو ناوەوە  گۆرانییەکە دابەزی ، لەو کاتەوە لەکارى  هونەریی بەردەوام بووم و بەشدارى بۆنەو ئاهەنگەکانى ئەو سەردەمەم لەگەڵ تیپى یەکێتى قوتابیانى کوردستان دا دەکرد لەنێو دۆست و هاوڕێیان و نێوەندە هونەرییەکە  لەوڕۆژەوە بووم بە  خەلیل عەبدولڕەحمان.

 پرسیار : خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان ،  ساڵى چەند بەدنیا هاتوون و لە چ گەڕەکێکى شارى سلێمانى ؟

وەڵام :  بەڵێ من لەساڵى (1954) لەگەڕەکە دێرینەکەى ( چوارباخ) بەرامبەر یاریگاى سلێمانى ( مەلعەبەکە)  لەو گەڕەکە میللییە لەدایکبووم . لەو گەڕەکە چاوم کردەوە و گەورە بووم ، لەمنداڵیدا دەردەکەوێت  کە ئەو کەسە حەزو خولیاو ئارەزووى لەچییە؟  ئەو کاتە من زۆر حەزم لە  نواندن بوو .

 پرسیار : پێکهاتەى خانەوادەکەتان چۆن بوو ؟ واتە چەند کەس بوون؟

وەڵام:  ئەوەى ڕاستى بێت  لەخانەوادەیەکى هەژار و کەم دەرامەت دا گەورەبووین ، هەروەها کرێنشینیش بووین و باوکم کەسێکى زەحمەتکێش و ماندووى دەستى ڕۆژگار بوو ، دەربارەى خوشک برا ، برایەکم هەیە  زۆر لەخۆم بچووکترە و هەروەها چوار خوشکیشم هەیە،

 

پرسیار : وەک هەرمنداڵێکى ئاسایی لەتەمەنى شەش ساڵیدا، واتە ساڵى (1960بۆ 1961) خراویتەتە بەرخوێندن، ئەگەر بێتەوە یادت یەکەم قوتابخانە کەتێیدا فێرى  ئەلف و بێى کوردى و تێیدا پەروەردە بوویت ناوى چى بوو؟

 وەڵام : بەرلەوەى وەڵامى پرسیارەکەت بدەمەوە ، بەپێویستى دەزانم ئەوە بڵێم ، داواى لێبوردن دەکەم ئەگەر وەڵامەکانم کەم و کوڕیی یان ناو و ساڵ بەدروستى نەڵێم یان هەڵە بکەم ، لەبەرئەوەى تەمەن هەڵکشاوە و لەسەر و حەفتا ساڵەوەم ، لایەنى دووەم  سوپاس بۆ پەروەردگار کەئێستا لەژیاندام ، چەند ساڵێک لەمەوبەر دووچارى ( پژانى مێشک  _ جەڵتەى دەماغ) بووم ، دەتوانم بڵێم مێشکم فۆرمات بۆتەوە ،

بەداخەوە کەتۆ کرێچى بوویت  تاسەر لەیەک گەڕەک و یەک قوتابخانە نامێنیتەوە، بەهۆى گواستنەوەى ماڵەوە  هاتینە گەڕەکى ( سەرشەقام) ، یەکەم قوتابخانە کە تێیدا چاوم کردەوە  قوتابخانەى ( خالیدیە) بوو، خالیدیە  ئەوکاتە لەبەینى شیوى قازى و خانەقا دابوو ، ئەو  کاتە مامۆستا ( فەریق حەمە فەرەج کاکەزاڵ)  لەو قوتابخانەیە بوو، لەوێ ناوم نووسرا  و تا پۆلى شەشەمى سەرەتایم  لە خالیدیە تەواو  کرد .

پرسیار : دواى تەواوکردنى  قۆناغى سەرەتایی درێژەت دا بەخوێندن و بچیتە  قۆناغى ناوەندى ؟

وەڵام: نەخێر بەداخەوە لەبەرئەوەى خانەوادەیەکى هەژار و کرێچى و زۆربووین ، دەبوو لەهەوڵى دابینکردنى ژیاندابین  ناچار دەستەبەرداى خوێندن بووم .

 جەمالى دەلاک  : ناچاربوویت شان بدەیتە بەرکارکردن و  هاوکارى خانەوادەکەت بکەیت ..!

 _  بەڵێ پێویست بوو لەبەر ئەوەى بژین !  ناچاربووم واز لەخوێندن بهێنم، بەداخەوە من تاپۆلى شەشەمى سەرەتایم خوێندووە.

پرسیار :  هەستى هونەریی لەچ قۆناغێکى تەمەنتان دەستى پێکرد،کاریگەرى ژینگەى گەڕەک  یان خانەوادەکەتان بوو یان لەقۆناغى سەرەتایی دا کاریگەرى مامۆستاى  هونەر بوو،لەوانەکامیان بوو؟

وەڵام :  دەتوانم بڵێم  هەرلەتەمەنى منداڵییەوە هەستم دەکرد بەهرەیەک لە ناخمدا خۆى مەڵاس داوە ، هەرچەندە پێشتر باسم کرد  لەسەرەتاى بوونى ئەو بەهرەیە لەجەستەمدا زیاتر هونەرى نواندن پەلکێشى دەکردم ، بەڵام لە کۆڵان لەناو هاوڕێکانمدا  یان لەدەشت و دەر گۆرانیم دەگووت، لەوسەردەمە منداڵانى گەڕەک دواى نانى ئێوارە، شەو دەهاتینە دەرەوە یاریمان دەکرد و منیش گۆرانیم دەگووت ، هاوڕێکانم پێیانخۆش بوو  هانیان دەدام، دواى ئەوە چاوم کرایەوە و زیاتر دەوروبەرى خۆمم ناسیی ، بیستم تیپێک دروست بووە، ناویان نابوو تیپى  نواندن و مۆسیقاى مەولەوى ، مەبەست لەتیپى مۆسیقاى مەولەوى ساڵى (1955)  نا کە هونەرمەندانى گەورەى وەک مامۆستا( ولیەم یوحەننا1934_14/9/2005) و( قادر دیلان 1928_18/3/1999)   دیارە لەخۆشەویستى ئەو هونەرمەندە نەمرانەوە ئەو ناوەیان نابوو، کوڕێک هەبوو  ناوى ( سەردار) بوو یادى بەخێر  ئەویش هەرلەوگەڕەکەى ئێمەدا بوو ،  سەردار ڕۆژێک هات  پێی وتم بۆنایەیت لەگەڵ ئێمەدا کارى نواندن بکەیت ، منیش بەپێشنیازەکەى ڕازى بووم  چونکە خۆم حەزم لەنواندن بوو ، کاتێک کەچووم  ئەو ئازیزانەش لەو تیپەدا بوون وەک ( حسێن قەرەداخى1951_19/3/1996 ) یادى بەخێر، (فریادخەلیل، جەزا ،  دلێر مستەفا و بێستوون گورجى)  داواى لێبووردن دەکەم  کە ناوی هەندێک لەو ئازیزانەم لەیاد کردبێت .

جەمالى دەلاک : ناوهێنانى ئەو بەڕێزانە ئەوەش بەشێکە لەوەفا و فەرامۆش نەکردنیان ، لەگەڵ ئەو کەسایەتیانە  دەستت کرد بەکارى هونەریی ؟

خەلیل :  بەڵێ دەستم کرد بەکارى نواندن ، لەو سەردەمەدا هەرچالاکییەکى هونەریی هەبووایە ، سەرەتا موزیک و گۆرانى لەپێش کارى نواندنەوە  بوو، چالاکیی خۆیان پێشکەش دەکرد و دواتر کارى شانۆیی دەستى پێدەکرد .

کارێکى شانۆیی ئامادەکرابوو  ئێمە پرۆڤەمان دەکرد لە (هۆڵى ئامادەیی سلێمانى کوڕان) ، بەڵام لەگەڵ کارى نواندنەکە هونەریی گۆرانیگوتنیش حەزو ئارەزووم بوو ، پێشتر گۆرانیم خوێندبوو بەڵام من زیاتر لەژێر کاریگەرى دەنگى هونەرمەندى نەمر ( حەسەن زیرەک  29/11/1921_26/6/1972) دابووم،زۆر زۆر سەرسام بووم بەدەنگ و هونەرەکەى ، تەنانەت  دەفتەرێکى بچوکم هەبوو ، ڕۆژانە گوێم لەگۆرانییەکانى مامۆستا حەسەن زیرەک دەگرت ، بۆنموونە لەدەستپێکەوە  تا کۆتایی گۆرانییەکە  شیعرەکەم دەنووسیەوە لەناو ئەو دەفتەرە بچووکە ، بۆئەوەى هەڵە نەکەم سوودم لەو دەفتەرە بچووکە وەردەگرت لەکاتى وتنەوەى گۆرانییەکانى مامۆستا حەسەن زیرەک ، ئیتر بەوشێوەیە  بەردەوام بووم ،

پرسیار : یەکەم نمایشى شانۆیی کە چوویتە سەرشانۆ دێتەوە یادت ناوى چى بوو وە ساڵى چەند بوو ؟

وەڵام :  یەکەم بەشداریکردنم لەکارى نواندن  لەساڵى (1968) بوو ، ناوى شانۆگەرییەکە ( داسەکەى شاسوار)  بوو لەنووسینى ، نووسەر و دەرهێنەر ( ئەمینى میرزاکەریم ) بوو ئەوکاتە تەنها تاکە هۆڵى نمایشکردنى چالاکى هونەریی لەشارى سلێمانى  هەر هۆڵى ئامادەیی سلێمانى کوڕان بوو.

پرسیار :  لەو شانۆگەرییەدا ڕۆڵى چ کەسایەتییەکتان دەبینى ؟

وەڵام :  ئەوەى ڕاستى بێت  ئەو کاتە تەمەنم لەنێوان (14 بۆ 15) ساڵ بوو گەنجێکى جوان بووم ، ڕۆڵى ژن یان دا بەمن ، ڕۆڵى دایکى قوتابیەکەم دەبینى ، بەداخەوە بەهۆى داب و نەریتى کۆمەڵایەتى  ئەو ڕۆڵ بینینەى من زۆر جار بووە هۆکارى تانەو تەشەر بەرامبەر بەدایکم و خانەوادەکەم و لەناو گەڕەک پێیان دەووتن ئەگەر کوڕەکەتان کوڕ بووایە ڕۆڵى ئافرەتى نەدەبینى ؟! 

دێتەوە یادم  لەو کاتەدا هونەرمەند ( شەماڵى عەبەڕەش) تیپێکى دامەزراندبوو ناویان نابوو ( سۆران) ،هەردوو لامان لەبینایەک لەکۆتایی کانیسکان دوو ژوورمان گرتبوو وەک بارەگاى تیپ.

لەو کاتەشدا لەلایەن دەسەڵاتەوە زۆر بوارى کارکردنیان نەدەدا دەبوو بەڕەزامەندى ئەوان بێت ، لەوکاتەدا شۆڕش بوو تاوانى ئەوە دەدرایە پاڵ ئێمەو تیپە هونەرییەکانى تر گوایە پارە کۆدەکەنەوە بۆهاوکارى شۆڕش دەکەن!  تەنانەت دەرفەتى کارى هونەرییان ئەوەندە بەرتەسک کردەوە و لە ژوورەى گرتبوومان بەکرێ، دەریان کردین و لەکارى  هونەریی وەستاین تا ساڵى (1970) .

پرسیار : لەدواى  بەیانى (11ى ئازارى 1970) دەرفەتێک بۆ کوردستان ڕەخسا و لەپاڵ ئەو ئارامییەى کوردستانى گرتەوە، کایەکانى هونەر و وێژەو نووسین گەشەیان کرد ، ئێوە لەو تیپەدا درێژەتان  بەکارى  هونەریی دا ؟

وەڵام : خۆشبەختانە  لە ساڵى(1970) خاڵى وەرچەرخاندن و کرانەوەیەک بوو بۆ هەموو کایە هونەرییەکان لەدواى بەیانى یانزەى ئازار (تیپى مۆسیقاى یەکێتى قوتابیان) دامەزرا ، ئێمەش چووینە ناو ئەو تیپە و دەرفەتى زۆرترمان بۆ ڕەخسا و بەهەموو شێوەیەک پشتگیرییان دەکردین ، لەوێ شانۆگەرییەکمان ئامادەکرد بەناوى ( تۆڵەیەک بەخوێن شۆراو)  لەنووسینى  هونەرمەندى خوالێخۆشبوو ( حسێن قەرەداخى) بوو ، لەدەرهێنانى هونەرمەند ( ئاسایش دانش) بوو، لەو شانۆییەدا من ڕۆڵى ( شیروان) م دەبینى ، لەکاتى پرۆڤەکردنى ئەو شانۆگەرییەدا شەو دەماینەوە بێ خەم بووین لەکاتى پشووەکاندابەتایبەت شەوان  گۆرانی مان  دەگووت، لێرەوە گۆڕانکاریی لەژیانى هونەریی منەوە دەست پێدەکات لەنواندنەوە  بۆ گۆرانى خوێندن ، پرۆڤەشمان لەئامادەیی سلێمانى دەکرد، هونەرمەندى شەهید ( سۆرانى سەڵتە 1950_24/4/1974) (*) . خواى گەورە لێیخۆشبێت  لەگەڵ هونەرمەند (جەمال سابیر) سوپاس بۆ خوا لەژیاندایە ، ئەو کاتە بەرپرسیی قوتابیانى کوردستان  بەڕێز (دلێر ڕەشید) بەدلێرى ڕەشییە فەنى  بەناوبانگ بوو، بەڕێزیان وەک بەرپرسیی قوتابیان سەردانى دەکردین تا ئاگاداربێت چى دەکەین و بەچییەوە سەرقاڵین ! لەیەکێک لەوشەوانەى دەماینەوە بۆ پرۆڤەکردن ، کاتێک هات  من گۆرانیم دەگووت ، ڕاوەستا و گوێی دەگرت  بەڵام کاتێک لێم ڕووانى سەیرى منى دەکرد و هەستى ڕاگرتبوو ؟! دیار بوو گۆرانى خوێندنەکەم سەرنجى ڕاکێشابوو 

بۆ بەیانى بە کاک سۆرانى سەڵتەى وتبوو ، ئەمشەو کوڕێک گۆرانى دەگووت  و دەنگیشى زۆر خۆشبوو ، یەک دوو گۆرانى گووت و تەنانەت مەقامیشى خوێند ، بۆ نایهێنیت بۆناو تیپى مۆسیقا ،

بۆبەیانى لەپرۆڤەکردن تەواو بووین و کاتى پشوومان بوو،  من  مەقامێکى هونەرمەند حەسەن زیرەکم  دەووت  (  ئەى نائومێدى ،،ئەى نائومێدى  ئەى ڕەنجەڕۆیی و دڵ نائومێدى ) ، هەرچەندە ئەوەم لەتەلەفزیۆنى کەرکوک تۆمارکردووە ،

   لەو کاتەدا هونەرمەند سۆرانى سەڵتە هەزارجار یادى بەخێر بەخۆیی و کەمانەکەیەوە هات ، لەگەڵ خوێندنى مەقامەکە   ئەویش بەدەست و پەنجە زێڕینەکەیى و کەمانەکەى دەستى کرد بەژەنینى موزیک، کەگوێم لەسۆڵۆى کەمانەکە بوو زیاتر نەشئە گرتمى و بەجۆشتر بووم  لە خوێندنى مەقامەکەو  دواتر بەستەکە ، ئەوە بووە هۆى ئەوەى پرۆڤەى شانۆکە ڕاوەستا،  بوو بە بەزمى گۆرانى گووتن ، گۆرانى ( ئەى گوڵى من ، بولبوومى من) م تەواو کرد  نەخێر  مۆسیقاى گۆرانى ( لایەلایەت بۆدەکەم) ى لێدا ، ئەو گۆرانییە یەکێکە لەگۆرانییە خۆشەکانى هونەرمەند حەسەن زیرەک  ئەو کاتە زۆر باوى بوو ، دەتوانم بڵێم من یەکەم کەس بووم  لەسەر شانۆ ئەو گۆرانییەم خوێند پێش هونەرمەندى ئازیز ( عەبدولقادر حەسەن) داواى لێبووردنى لێدەکەم ، دواتر کەچووین بۆ تەلەفزیۆنى کەرکوک  کاک سۆرانى سەڵتە  وتى : با  کاک عەبدولقادر حەسەن  ئەو گۆرانییە  بخوێنێ .

لەوێدا زۆر هانیان دام کە گۆرانى بڵێم ، سەیر لەوەدابوو  من ڕۆڵیشم هەبوو  لەشانۆگەرییەکەدا ، پێم وتن فریاى نواندن و گۆرانی خوێندن  بەیەکەوە ناکەوم ..!

 وتیان : گرفت نییە  گۆرانى و موزیک پێش نواندنە ، تۆ دەخەینە یەکەم کەس گۆرانییەکە بخوێنەوە و دواتر خۆت بگۆڕەوە ئامادەبە بۆ شانۆگەرییەکە ،  کاتێک بەرنامەى گۆرانیگوتن دەستى پێکرد ، بەرهەمەکەى خۆمم پێشکەش کردو  دواتر شانۆگەرییەکە ، سوپاس بۆ خواى گەورەو  پشتیوانى هاوڕێکانم  توانیم سەرکەوتن و پشتگیرییەکەى زۆر بەدەست بهێنم .

پرسیار : بۆیەکەم جار وەک گۆرانیبێژ چویتە سەرشانۆ ، گرووپێکى موزیک  لەپشتەوە کارى موزیک بۆ بەرهەمەکەت ئەنجام دەدەن ، وەک یەکەم جار لەگەڵ گرووپى موزیک و لەبەردەم  ئامادەبوانێکى زۆر دا هەستت بەچى کرد ؟ شڵەژان و بارودۆخێکى دەروونى هەستى داگیر نەکرد؟

وەڵام :  هەرچەندە پێشتر لە دەشت و دەر لەبەردەم  خەڵک گۆرانیم گوتووە .

 جەمالى دەلاک : بەڵام ئەمەیان جیاوازە ، چونکە تۆ گرووپى موزیکت لەگەڵدایە ؟

 خەلیل :  بێگومان  ئەمەیان جیاوازە ، بەڵام تووشى بارێکى دەروونى ببووم لەسەر شانۆکە نەدەوەستام و هاتووچۆم دەکرد ، کاک سۆرانى سەڵتە  هەستى پێکردم  و وتى ئەوە بۆ واشڵەژاویت ؟ سەیرى ئەو گڵۆپانە بکە  و بزانە ڕووناکى گڵۆپەکان دەهێڵێ ئامادەبووان  ببینى ، بلاجیکتۆرەکان ڕوویان لەتۆیەوە  جمهور نابینى و  خۆت ئارام پیشان بدە ، بەڵام  شتێکى خۆش لەو کاتەدا بەدایکم یان وتبوو  ئەمڕۆ خەلیلى کوڕت گۆرانى دەڵێت  و مۆسیقاى بۆ لێدەدەن..!  برادەرێکى خۆم هات  و پێی وتم دایکت لەناو هۆڵەکە دایە ، کاتێک پەردەى شانۆ کرایەوە و بوو بەچەپڵە ڕێزان ، منیش هەموو سەرنجم لەسەر ئەوەبوو  لەناو  ئامادەبوواندا دایکم ببینم ،

دایکم خەڵکى گەرمیانە  بەو پۆشاکە جوانە گەرمیانیەوە هاتبوو ، لەبەردەگاى  هۆڵەکە لێیان پرسیى بوو  دایەگیان بۆ کوێ دەچیت ؟ ئەویش وتبووى  ئەمڕۆ کوڕەکەم گۆرانى دەڵێت و منیش هاتووم بیبینم !

لێیان پرسیی بوو کوڕەکەت کێیە؟

وتبووى : کوڕەکەم ناوى خەلیلەو  پێمخۆشە بیبینم ،

ئەوانیش ڕێزیان لەتەمەنى و هەستى ئەو دایکە گرتبوو هێنابوویان لەڕیزى پێشەوە دایان نابوو ،

باوەڕت هەبێت  دواى ئەو هەموو ساڵە  ئەو دیمەنە دێتەوە بەرچاوم قوڵپى گریانم دێت ( فرمێسک بەچاوەکانیدا هاتنە خوار)

بینینى دایکم لەهۆڵەکەدا و منیش لەسەر شانۆ ، هەست و هێزێکى زۆرى دامێ ، من ناڵێم پێشتر ئەوەندە گۆرانبیێژ و مەقامبێژێکى  بەتوانا بووبێتم بەڵام سەرنج و ئامادەبوونى دایکم لەهۆڵەکەدا  زیاتر ئیلهام و جۆش و خرۆشی دەدامێ ، لەکاتى گۆرانییەکەدا چونکە  نێوانى شانۆکە و ڕیزى پێشەوە ماوەى  ئەوەندە نەبوو لەناو  ئەو هەموو ئامادەبووانە  گوێم  لەدەنگى دایکم بوو  وتى: ( بەقوربانى دەنگ و ئەو باڵایەت بم) ئەوەندەى  تر هانى دام و بەمتمانەوە گۆرانیەکە بخوێنم ، دواتر کاک سۆرانى سەڵتە وتى :  خەلیل گیان  کاتێ گۆرانیت دەووت و منیش و برادەران موزیکمان دەژەنى سەرنجمان لەسەر تۆبوو ،  تۆش تەرکیزت لەسەر ئەو ئافرەتە بەتەمەنەبوو  بەو جل و بەرگە کوردەوارییە  جوانە کەلەپێشەوە دانیشتبوو ، ڕاستەوخۆ وتوومە ئەمە دایکیەتى بۆیە خەلیل ، لەقەرار و جواب و بەرز و نزمى گۆرانییەکە تۆ خەلیلێکى تر بوویت ، زۆر بەجوانى  گۆرانییەکەت ووت وشەکانت ئەڕازاندەوە ،هەستم دەکرد  گۆرانییەکە تەنها بۆئەو ئافرەتە دەڵێت کە لەڕیزى پێشەوە دانیشتبوو.

پرسیار :  لەو ئاهەنگەدا کام گۆرانى بوو خوێندت؟

وەڵام:  گۆرانى( ئەى گوڵى من  بولبوولى من ) ، گۆرانى مامۆستاى نەمر حەسەن زیرەک بوو ، هونەرمەند  سۆرانى سەڵتە ئامادەو دابەشکردنى موزیکەى کردبوو.

پرسیار : لەو ئاهەنگەدا بەیەک بەرهەم بەشداربوویت ؟

وەڵام : نەخێر دوو گۆرانى  داوى تەواو بوونى گۆرانى  ئەى گوڵى من ، بووبەچەپڵە ڕێزان ، بەدواى ئەودا مادەى دووەهەمیشم خوێند ئەویش گۆرانى لایەلایەت بۆدەکەم.  ئەو دوو گۆرانییە ئەو سەردەمە دووشاکار بوون ، خۆش نییە بەدەمى خۆم بڵێم ، ئەو کاتەى من ئەو دوو گۆرانییەم خوێند ، یەکێک لە بەڕێزانە  ( کەمالى حەسەن چاومار) جێگرى  کاک دلێر ڕەشید بوو لەقوتابیان ، زۆر بەدەم خواستەکانمانەوە بوو ، ئەیووت  کاتێک  گۆرانییەکانت  ئەووت ، وام هەست دەکرد  هونەرمەند ( حەسەن زیرەک) لەسەر شانۆکەیە و ئەو گۆرانییانە دەڵێت، 

( پرسیم لەبایەقووش براى هاودەردم

لەجیهان بێزار هەم ڕازى مەرگم .....

مامۆستا حەسەن زیرەک  لەوێدا دەڵێت  ....

وتى ....

کاک کەمالى حەسەنى چاو مار وتى:  تەنانەت ئەو  وشەیە  ( وتى ) بەهەمان  تۆن و دەنگى ئەو  وتتەوە ..!

لێرەوە ئەوە دەڵێم سوپاسى هەستى کاک کەمال دەکەم بۆ ئەو خوێندنەوەیە ،  من یەکێکم لەقوتابیەکانى  قوتابخانە نەمرەکەى حەسەن زیرەک و  هیچ کات ناتوانم دەنگى خۆم بە دەنگ و هونەرى ئەو وێنا بکەم  و لەوئاستەدا نیم ، بەڵام  ئەوە خوێندنەوەى کاک کەمال بووە  لە ڕۆژەدا ، هەروەها سوپاس بۆ کاک دلێر ڕەشید و کاک کەمال پشتیوانمان بوو لەڕاپەڕاندنى کارە هونەرییەکانمان لەیەکێتى قوتابیانى کوردستان .

لەو کاتەوە زیاتر ناسرام و دەتوانم گۆرانى بڵێم ، ئەوەبووە هۆکار کەزیاتر لە لاى هونەرمەندان و مامۆستایانى موزیکژەن بناسرێم و نزیک ببمەوە ، خۆشبەختانە  وێنەم هەیە وەک بەڵگە  جێی شانازییە  کە مامۆستایانى گەورە ( ولیەم یوحەننا) هەزار ڕەحمەتى لێبێت و مامۆستا ( خالید سەرکار) عەزفم بۆ دەکەن .

پرسیار : دواى نیوسەدە تپێەڕبوون  بەسەر ئەو کارە  هونەرییەو ئامادەبوونت لەسەر شانۆ ، چى بەو هونەرمەندە موزیکژەنانە دەڵێیت  کە هاوکار و پشتیوانت بوون ؟

وەڵام:  لێرەوە بەحورمەتەوە دەستى ماندوبوون و دڵسۆزییان  دەگووشم  و چاویان ماچ دەکەم  ئەوانەى لەژیاندان ، ئەوانەشى  بەجەستە بەجێیان هێشتووین  و ناو و نازناویان بۆهەمیشە لەناو دڵ و دەروونماندا دەمێننەوە ، داواکارم لەپەروەردگار بەبەهەشتیان شاد بکات ، هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارانە  و هەروەها هەموو ئازیزانەى لەگۆرانییەکاندا کۆرس بوون ، بۆنموونە خوالێخۆشبوو  کاکە ( عەتا چاوشین  1961_22/6/2020) ى جوانەمەرگ لەپشتى منەوە کۆرس بووە، بەدڵنیایەوە  ئەگەر هەست و سۆزو  دەست و پەنجەى ئەو هونەرمەندە ژەنیارانە نەبووایە  بێگومان ئێمەش دروست نەدەبووین .

جەمالى دەلاک  : هەمیشە دەڵێم  هونەرمەندانى  موزیکژەن  بەردەوام  کۆڵەکەو هاوکار و پشتیوانى  هونەرمەندانى  گۆرانیبێژ بوون  لەسەر شانۆ ، لەبۆنەو ئاهەنگەکاندا .

وەڵام  : بەدڵنیاییەوە  ئەوان هەمیشە پشتیوانمان بوون.

پرسیار : دواى ئەو ئاهەنگە وبەشداریکردنتان و خوێندنى ئەو دووگۆرانییە ، چالاکى دیکەتان  ئەنجامدا ؟

وەڵام : بەڵێ زۆر چالاکى ترمان ئەنجام دا ، بەشداربووم لەساڵیادەکانى دامەزراندنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، لە قوتابخانەکانى شار بەبۆنەى یادەکانى  نەورۆز و  ئازارەوە  چالاکییە هونەریەکانمان  پێشکەش دەکرد ، هەربۆخۆشیی ئەوە دەگێڕمەوە هونەرمەند ( غازى بامەڕنى)  لەسلێمانى  شانۆگەرییەکى بەناوى ( ورچ) لەهۆڵى قوتابخانەى سەلاحەدین پێشکەش کرد، ئێمەش وەک قوتابیان چووبووین  بۆ سەیرکردنى شانۆگەرییەکە ، لەدواى شانۆگەرییەکە  پەلکێشى سەرشانۆیان کردم و گۆرانییان پێ خوێندم .

 پرسیار :  ئێوە وەک  تیپى موزیکى یەکێتى قوتابیانى کوردستان ، هەوڵتان نەدا ئەو بەرهەمە هونەرییانە ببەنە تەلەفزیۆنى کەرکووک  تۆماریان بکەن ؟

 وەڵام :  وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمە لەهەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانى و یادەکان لەوسەردەمەدا بەشداریمان هەبووە و چالاکى هونەریمان زۆر بوو ،  کاک (دلێر ڕەشید ) داواى لە بەرپرسیى ئەوکاتەى  لقى چوار کرد ، کە ڕەزامەندیمان  لەتەلەفزیۆنى  کەرکووک بۆ وەربگرێت بۆتۆمارکردنى بەرهەمەکانمان ، بەڵێ ڕەزامەندى وەرگیرا و چووین  بۆتەلەفزیۆنى کەرکوک ، دەمەوێت سوپاس و پێزانین بۆ ماندوبوونى بەڕێز (هاشم جەباری) بێژەر، زۆر هاوکاری کردین لەکاتى تۆمارکردنی ئەو بەرهەمانە، ئەو کاتە جیا لەهونەرمەندانى تیپى موزیک، من بووم  کامەران عوسمان ، عەبدولقادر حەسەن بوو ، دێتەوە یادم  ئەو ڕۆژەى ئێمە ئەو بەرهەمانەمان  تۆماردەکرد ،  بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( عومەرخەزان1929_12/1/2008)  لەوێ بوو، مامۆستا و هونەرمەند ( ئەنوەر قەرەداخى) بەئامێرى ( جومبووش) بەرهەمەکانى  بۆ تۆماردەکرد ، هەرئەو ڕۆژە ئەو بەرهەمانەمان تۆمارکرد.

 پرسیار : ساڵى چەند بوو  تۆمارکردنى ئەو بەرهەمە هونەرییانە ؟

 وەڵام :  ساڵى (1972) بوو ،  بەداخەوە بەهۆى نەخۆشیی و گواستنەوە لەم خانوو بۆئەو خانوو زۆر لەوێنەکانم فەوتاوە ، وێنەیەکم هەیە  لەپشتى وێنەکە ڕۆژ و مانگ و ساڵى   تۆمارکردنى ئەو کارە  هونەرییانەم لەتەلەفزیۆنى کەرکووک لەسەر نووسیوە .

 

پرسیار : دواى نسکۆى ساڵى (1975)  بەداخەوە تیپى یەکێتى قوتابیانى کوردستان  نامێنێ و دواتر بۆ درێژەدان بەکارى  هونەریی ڕووتان لەکوێ کرد؟

 وەڵام  :  بەداخەوە  بۆ ئەو کارەساتە ، دواى ئەوە ئاوارەبووین لەڕۆژهەڵاتى کوردستان  و کاتێک گەڕاینەوە ، حیزبى بەعس ماوەى (2) ساڵ دوورى خستینەوە لەشارى ( ناسریە)  لەباشوورى عێراق جێگیریان کردین بەناوى ( عائیدون)ەوە ،

دواى گەڕانەوەم بۆ شارى سلێمانى ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم پەیوەندیمان کرد بە کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى ، لەگەڵ  هەردوو هونەرمەند ( حسێن قەرەداخى و فریاد خەلیل) ئەو کاتەى کەچووینە  ناو کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ، بەداخەوە برادەرانى  تیپى موزیک جیاببوونەوە ، بەسەرپەرشتى هونەرمەند و مامۆستا ( نامدار قەرەداخى) تیپى موزیکى (مەولەوى) یان دامەزراندبوو .

جەمالى دەلاک : ئەوە لەساڵى (1977)  دا بوو ؟

خەلیل : بەڵێ ساڵى ( 1977) بوو ،  ئەو کاتە  بەڕەحمەت بێت  هونەرمەند ( نورى وەشتى 1935_ 12/5/2001) باوەشى بۆ گرتینەوە ، هەروەها بەڕەحمەت بێت  مامۆستا عیزەت ئەحمەد، هونەرمەند عەبدولى حەمە جوان و کاک فایەق ، زۆر بەخێرهاتنیان کردین و ژوورێکیان بۆ دابینکردین ،

پرسیار : گرووپى موزیک سەرلەنوێ دامەزرایەوە ، کێ بوون ئەو هونەرمەندانە ؟

 وەڵام : مامۆستا جەمال سابیر  ماوەیەک  هاتە ناو تیپەکەوە، کاک بێستوون گورجى ، کاک فەرەیدون محەمەد قادر ، سەلام حەمادى ، فەرهاد محەمەد قادر ، ئارى هەسین  ژەنیارى ئۆرگ ، ئارى قادر برسی  و دووبرادەرى خەڵکى بادینان یشمان  لەگەڵ دابوو ، سەباحى سەنتوور ، سالار حەمادى  و ئازاد حەمە کەریم ، زۆر داواى لێبوردن لەو ئازیزانە دەکەم کەلەئێستادا ناوەکانی هەموویان نایەتەوە یادم ، گرووپێکى موزیکى زۆر جوانمان دامەزراند .

پرسیار :  ئەو تیپە موزکییە  بەناونیشانى تیپى موزیکى کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى  بوو .

وەڵام : بەڵێ  هەربەو ناونیشانەو  بەهاوکارى ئەو دەست  و پل و پەنجە هونەرییە جوانانە  توانیمان  بەردەوام بین و کۆمەڵێک  کارى نایاب و ناوازە  پێشکەش بکەین ، لەهەمان کاتدا بەرنامەمان دانا کە بەرهەمە هونەرییەکانمان ببەینە تەلەفزیۆنى کەرکووک .

 پرسیار :  وەک گۆرانیبێژ لەگەڵ تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ، گۆرانیت تۆمارکرد؟

وەڵام : ڕۆژێک هونەرمەند  ( فەرهاد محەمەد قادر) ئێستا لەوڵاتى ( ئوسترالیا) دەژى ، ئاوازێکى هێنا بۆ تیپ ، وتى : ئەم ئاوازەم هەیە  پێم خۆشە بیخوێنى ، کاتێک گوێم لێبوو ، هەوڵم دا و خوێندم لەسەر هۆنراوەى فۆلکلۆر، من ناڵێم موزیکیم  بەڵام تواناى ئەوەم هەبوو لەکاتى خوێندنى ئاوازەکە بەو هۆنراوە فۆلکلۆرییە  گۆڕانێکم تێکرد و لەبەشێکیدا جەوابێکى  بەرزم تێکرد  و توانیم جوانکارییەک  لەمیلۆدییەکەدا بکەم  و دواتر بەدڵى هەمووان و مامۆستا فەرهادیش بوو ، لەکاتى پرۆڤەکردن لەسەر ئەو ئاوازە ، بەڕەحمەت بێت  مامۆستا (عیزەت ئەحمەد کەریم1953_7/10/1991) ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەر گوێی لە میلۆدییەکەو دەنگى من بوو زۆرى لاپەسەندبوو ، بەڵام وتى  خۆزگە لەسەر هۆنراوەیەکى جوانتر ئەو ئاوازەت بخوێندایە ،

بابێمەوە سەر تێکستەکە چۆن لەفۆلکلۆرەوە گۆڕدرا بۆ هۆنراوەى شاعیران ،  لەو کاتە  کاک ( ماجید عەبدوڵڵا حەمە ساڵەح ناسراو بە  ماجیدى خەیات 1934 سلێمانى ) ئەو کاتە ئەندامى کۆمەڵ بوو ، مامۆستا عیزەت  بانگى کرد و پێی وت : گوێ لەو ئاوازە بگرە ، ئەویش زۆر لەلاى پەسەند بوو ، داوایان لێکرد  هۆنراوەیەکى بۆ بنووسێت ،  دەست و پەنجەو خامەى خۆش بێت کاک ماجیدى  خەیات  ئەو تێکستە جوانەى  بۆ نووسى و هێنای بۆ تیپ لەسەر ئەو تێکستە نوێیە  پرۆڤەمان لەسەر دەکرد ، هەم میلۆدییەکە و هەم تێکستەکە زۆر خۆش بوو ، منیش زیاتر کاریگەرى لەسەر دانام  و خوێندم .

پرسیار : ناوى گۆرانییەکە چى بوو ؟

وەڵام : بەناوى (بەهارى من ) بوو زیاتر بە ( بۆ لێم زیزى) ناسرا.

لەکاتى پرۆڤەکردندا بووین ، کاک نورى وەشتى هات  کەگوێی لە گۆرانییەکە بوو ، زۆرى بەلاوە خۆش بوو  وتى ئامادەى بکەن تا لەتەلەفزیۆن تۆماربکرێت ، هەرلەو کاتەدا کەئەو گۆرانییەم  بەوشێوەیە خوێند و مافى  میلۆدییەکەو  تێکستەکەم  دا لەکاتى ئەدا کردن  ، برادەرانى تیپ پێکەوە پێیان وتم : کاکە ئیتر واز لەوتنەوەى گۆرانیی هونەرمەند حەسەن زیرەک بێنەوە  ئەوە ڕێچکەو شێوازى  تۆیە لەگۆرانى گوتن  بەردەوام بە .

پرسیار : دەتوانین بزانین ساڵى چەند بوو؟ هیچ هونەرمەندى دیکە گۆرانییان تۆمارکرد؟

وەڵام : ساڵى (1977 بۆ 1978)  بوو، من ئەو گۆرانییەم  ئامادەبوو  کاک ( جەمال شەریف)  هەروەها برادەرێکى ترمان بەناوى  کاک  (نامیق سەعید ناسراو بە نامیقى زەڕەنگەر) گۆرانییەکى مامۆستا ( عەلى مەردان 1904_24/7/1981)  بەناوى (  بۆلێم یاخى) ئامادەکرد، لەگەڵ ( عەبدوڵڵاى ئاسنگەر) بەداخەوە ناوى بەرهەمەکانى ترم لەیاد نییە ، هەموو مادەکان  بوو بەکاسێتێک  و چەند دانەیەکمان برد بۆ تەلەفزیۆنى کەرکووک ، لەدەرهێنانى ( حیکمەت زەنوون) تۆمارکرا .

 

پرسیار : ئەوکاتە ئەوبەرهەمانە لەتەلەفزیۆن کەرکوک  بەفلتەردا تێدەپەڕى و دواتر بریارى  تۆمارکردن دەدرا؟

وەڵام : بەڵێ هەروا بە ئاسانى ڕەزامەندى نەدەدرا ، دواى وەرگێڕانى تێکستەکە بۆ عەرەبى  ئەگەر هیچ سەرنجێکیان لەسەر نەبووایە  ئینجا بڕیاردەرا و ستۆدیۆ ئامادەدەکرا!

بەرلەوەى بەرهەمەکە ببەین بۆ تەلەفزیۆن ، دواى  دڵنیابوون لە دەنگ و ئاواز و تێکستەکە بەرهەمەکەمان لەتیپى کۆمەڵى هونەر و وێژە لەسەر ( تێپ _ بەکرە) تۆماردەکرد .

 پرسیار : کێ بوو ئەرکى تۆمارکردنى لەئەستۆ گرتبوو؟

 وەڵام  : هونەرمەند ( دڵشاد صدیق) بوو  تۆمارى دەکرد.

 پرسیار : بەچ ئامێرێکى  تۆمارکردن ( گرۆندیک  یان ئاکاى ) تۆمارى دەکرد ؟

وەڵام : بەئامێرى  ئاکاى  بەرهەمەکانى بۆتۆماردەکردین ، بەڵام هەندێکجار هانامان بۆ خوالێخۆشبووان ( جەلالى حاجى ڕەشید) و ( شێخ عوسمانى غەوسە) دەبرد لەبەرئەوەى شارەزابوون لەتۆمارکردن، ئەوانیش دڵسۆزانە  هاوکارمان بوون.

پرسیار : ئەوسەردەمە هۆکارەکانى تەکنەلۆجیا بۆتۆمارکردن  وەک ئێستا نەبوو ، کەچى  لەڕووى دەنگەوە پاک و زۆر جوان تۆمارکراون ؟

وەڵام  : بێگومان  تەنانەت  ئەو مایکەى ئەمڕۆ هەیە  ، ئەو سەردەمە نەبوو ، پێمخۆشە بابەتێک بگێڕمەوە  ئەو کاتەى لەیەکێتى  قوتابیانى کوردستان بووین  مایک  نەبوو  برادەرێکمان هەبوو ناوى (ئاوات)  بوو تواناى هەبوو  مایکى دروست دەکرد ، باشە بەچى ؟!   مکەبەرەى ڕادیۆى بچووکى دەرهێنابوو ، لەوسەردەمەشدا خوێدان هەبوو خڕبوو ، دەیخستە ناو ئەو خوێدانەوە  بەشیش ستاندى بۆ دروست کردبوو  لەسەر شانۆ سوودمان لێدەبینى ،هەمیشە سوپاسى دەکەم لەوسەردەمەدا هاوکار و پشتیوانمان بوو.

 پرسیار :  ئەوە دووەم گۆرانیتان بوو لەتەلەفزیۆنى کەرکووک تۆمارتان  کرد؟

وەڵام : بەڵێ   ئەوە دووەم  گۆرانیم بوو  لەتەلەفزیۆن  ( ئەى گوڵى من و بۆ لێم زیزى)   لەساڵى (1977) ئاشنا ببووم بە ڕێکارەنى تۆمارکردنى بەرهەم لەستۆدیۆى تەلەفزیۆنى کەرکوک .

پرسیار : بەرهەمى  دیکەتان  تۆمارکرد دواى ئەو دوو گۆرانییە ؟

وەڵام :  لێرەدا بەپێویستى دەزانم بەحورمەتەوە  ناوى  هونەرمەند و دەرهێنەرى بەتوانا ( ناسر حەسەن 1947 خانەقین ) بهێنم ، چونکە کەسێکى دڵسۆزو خەمخۆرە بۆ هونەرى  نەتەوەکەمان ،  ئەو پیاوە جوانە باوەشى بۆ کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى کردەوە ، زانیبووى کۆمەڵێک بەرهەممان تۆمارکردووە لەسەر کاسێت،  وتى: وەرن بۆ هەریەکەتان  گۆرانییەک تان بۆ تۆماربکەم  لەدەرەوەى ستۆدیۆ ، پێشنیازى  سەیرانگاکانى  دەوروبەرى  شارى هەولێر  وەک سەلاحەدین  و شەقڵاوە ى کرد ، ئەو کاتە من  لە بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بووم .

پرسیار :  بۆ لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بوویت ؟  لەبەڕێزتانم پرسیی لەهیچ دام و دەزگایەکى میرى دانەمەزراویت ؟

وەڵام :  لەو دوواییانە بووم  بەکارمەند لەوێ .

 پرسیار : ئەوە ساڵى چەند دامەزرایت ؟

وەڵام : ساڵى (1979 بۆ 1980) لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بووم بەکارمەند ،ئەوەش چۆن بوو ؟

هونەرمەند ( فوئادى حەمەمین ئاغا1933_19/3/2004)  جیا لەوەى لەکۆمەڵ پێکەوە بووین، جێگرى بەڕێوەبەرى  ڕۆشنبیرى سلێمانى بوو،  ئەو کاتە منیش بێ کار بووم ڕۆژێک لەکۆمەڵ پێی وتم : بۆنایەت لەڕۆشنبیرى داتمەزرێنم ؟! منیش دەمووت  خۆم دانامەزرێنم ، بەڕەحمەت بێت ئەویش نەیدەگووت بۆ ؟ دواتر بەهەوڵى خەمخۆرانى بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( فوئادى حەمەمین ئاغا) دامەزرام و بووم بەفەرمانبەر.

بەهەرحاڵ لەوکاتەدا چووین بۆ هاوینەهەوارى شەقڵاوە  بۆتۆمارکردنى گۆرانى لەگەڵ کاک ناسر حەسەن ،  یەکەم کەس گۆرانى بۆ من تۆمارکرا .

 پرسیار : ناوى گۆرانییەکە چى بوو ؟

وەڵام :  ناوى  ( هاوار واى ) بوو ، لەبنەڕەتدا ئاوازى  لوڕى  بوو ، بەڵام من دەستکاریم تێدا کرد و قەرار و جەوابێکم تێدا دانا ، برادەرانى موزیکژەن  زۆر جوان  کاریان تێدا کرد ،

پرسیار : ئەو میلۆدییەت چۆن دەست کەوت و زانیاریت  هەبوو  پێشتر بەدەنگى کام هونەرمەند خوێندراوە ؟

وەڵام :  ئێواران لەبارەگاى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى  لەسەر شەقامى پیرەمێرد  بەرامبەر پۆلیسى ئالیات ، چیمەنێکى زۆر خۆشی هەبوو لەگەڵ برادەران دادەنیشتین ، هونەرمەندى ئازیز ( سەلام حەمادى)   وتى ئەمڕۆ لەڕادیۆ گوێم  لەئاوازێک بوو زۆر خۆش  و سەرنجى ڕاکێشام، ئاوازەکەى بۆخوێندم  و وتى : بۆ تۆ نایڵێیت ؟ وتم : میلۆدییەکە سادەیە ، وتى : دەکرێت گۆڕانکارى تێدا بکرێت ، تەنها یەک کۆپلەى  گۆرانییەکەى لەبەر بوو، هەرلەسەر ئەوکۆپلەیە  بەردەوام بووم  و دەمووتەوە و  وتم کاک سەلام  من گۆڕانکاریی تێدا دەکەم ،  ئەوەندەم وتەوە جیا لەگۆڕانکارى  لە میلۆدییەکەو  زیادکردنى جەواب و قەرار ، لەپڕ وتم ( شیرین نازدارى منى) ، لەو کاتەدا کاک نورى وەشتى لەژوورەکەى هاتەدەر ، کاک نورى چونکە خۆى هونەرمەند بوو  گوێی موزیکى بوو ،  لێمان نزیک بۆوە  و  وتى : ئەو میلۆدییە  خۆشە بۆتۆمارى ناکەن ، پێم باشە کارى لەسەر بکەن، لەگەڵ کاک سەلام چووینە لاى هاوڕێیانى موزیکژەن  لەماوەى  (20) خولەک  ئامادەمان کرد و کاک دڵشاد صدیق بۆى تۆمارکردین  و ناردمان بۆتەلەفزیۆنى  کەرکووک  تا ڕەزامەندى وەربگرین ، لەوێ بەهۆکارى  ئەوەى ئاوازەکەى ئێرانییە  ڕەزامەندیان لەسەر نەدا،

پرسیار : هونەرمەند سەلام حەمادى  کاتێک میلۆدییەکەى بۆهێنایت ئاماژە بەناوى هونەرمەندەکە نەدا کە بەدەنگى کێ خوێندراوە ؟

وەڵام  : با پێی وتم هونەرمەند ( حیشمەتى لوڕنەژاد 1947_ 16/9/1995) پێشتر خوێندوویەتى، بەداخەوە بەهۆى نەبوونى ئەو پەیوەندییە لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوور بۆمان نەکرا تا ڕەزامەندى وتنەوەى ئەو گۆرانییە  لە هونەرمەند ( حیشمەتى لوڕنەژاد) وەربگرین ، بەڵام ئەو ڕاستییەش دەدرکێنم گۆرانییەکەمان ناشیرین نەکرد بەئەمانەتەوە بەجوانى کارمان لەسەر کرد.

 پرسیار : بەو مادەیەوە ( هاوار واى ) چوویت بۆ هاوینەهەوارى شەقڵاوە ؟

وەڵام : بەڵێ ، لێرەشەوە  لەدڵەوە سوپاسى  مامۆستا و هونەرمەند ( ئەنوەرقەرەداخى 1946 هەڵەبجە) دەکەم ، لەبەرئەوەى ماندوو بوو لەگواستنەوەى گۆرانییەکە لەکاسێتەوە بۆ ئێف ئێم  تا کاک ناسر حەسەن  کارى لەسەربکات، بەڕاستى کاک ناسر حەسەن زۆر لەگەڵماندا ماندوو بوو ، هەرئەو ڕۆژە تۆمارمان کرد لەگەڵ گۆرانییەکەى من ، گۆرانییەک بۆ هونەرمەندى ڕەوانشاد ( قادر زیرەک 1954_17/7/1981) و هونەرمەند ( عارەب عوسمان ) و کاک ( ڕێبوارى تۆفیقى بەنگینە) تۆمارکرا، کاک ناسر دووجار گۆرانییەکەى پێ دووبارە کردمەوە  لەبەرئەوەى ئەو شوێنە کەمێک هەوراز بوو ، دەبوو بەڕۆیشتنەوە  گۆرانییەکە بڵێم بەڵام چى بکەم نەفەسم نەدەما ناچار دووبارەمان دەکردەوە.

پرسیار : دواى ماندوبوون و زەحمەتى هونەرمەند ناسر حەسەن و بەڕێزتان  ئەو بەرهەمە تۆمارکرا ، ئایا  لەتەلەفزیۆنى کەرکووک پەخشکرا؟

وەڵام :  بەڵێ بەشێوەى ڕەنگاو ڕەنگ یەک دووجار پەخشکراو، بەداخەوە نازانم هۆکار چى بوو ڕاگیرا و ئێستا چارەنووسى دیارنییە وەک هەموو ئەو ئەرشیفە بەنرخەى تەلەفزیۆنى کەرکووک.

پرسیار : دواتر لەگەڵ تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى بەرهەمى دیکەتان تۆمارکرد؟

وەڵام :  ڕۆژێک لەدەوام بووم لەڕۆشنبیرى، هونەرمەند ( فەرهاد محەمەد قادر) هات بۆلام  و وتى : ئاوازێکم هەیە  گوێی لێبگرە بزانە چۆنە ؟  تەسجیلێکى بچووکى پێ بوو بەدەنگى خۆى  تۆمارى کردبوو ، لەوکاتەدا گوێم لێگرت ئاوازەکە زۆر خۆش بوو، پێی وتم بالات بێت و بەتەواوى گوێی لێبگرە و دواتر بڕیاربدە، منیش تەسجیلەکەم لێوەرگرت و لەماڵەوە  چەندجارێک گوێم لێگرت ، تاواى لێهات بەسێ جۆر لەسەر هەمان کاسێت  تۆمارم کرد، دوایی بیرم کردەوە ئەوە لەسەر مەقامى ( سێگا) یە ، بۆ نەیڵێم دواتر چوومە لاى برادەرێک وتم دەمەوێت مەقامى سێگا بڵێم ، وتى : مەقامى سێگا گاڵتە نیەوە و خۆتى لێمەدە؟!

پرسیار : ئەوبرادەرە موزیکى بوو ، شارەزا بوو لە  چۆنیەتى چڕینى مەقامەکان؟

وەڵام : نەوەڵڵا موزیکى نەبوو  بەڵام گۆرانیبێژ بوو !

پاشان هانام بردە بەر زانیارییەکانى باوکم ، لەبەرئەوەى خەڵکى گەرمیان بوو ، شارەزایی زۆرى هەبوو لە شێوازى چڕین و ناسینەوەى مەقامەکان 

 و خۆشیی خاوەنى دەنگێکى زۆر خۆش بوو ، چوومە لاى و پێم وت دەمەوێت ئەو مەقامە سێگا یە بڵێم  ، ڕاستەوخۆ وتى: کوڕم دەبێت زۆر وریا بیت لەچڕینى مەقامى سێگا ،ئەگەر هەڵە بکەیت چێژ و ڕەسەنایەتى مەقامەکە نامێنێ، وتم بۆ ؟

وتى : مەقامى سێگا زۆر خۆشە بەڵام کەسیى شارەزاى گەرەکە لەچڕیندا ، خۆشم زۆرم حەز دەکرد بیخوێنم ، ناچار دوو سێ جار لەبەردەم خۆیدا بۆم خوێند، هەندێک زانیارى زیاترى پێدام، پاشان وتى : ئەى ئاوازەکە چۆنە ؟

ئاوازەکەم بۆ خوێند ،  وتى خەلیل ئەم ئاوازە  لەوێدا دەڵێت :

( چرپەى نازى کیژ خرینگەى بەرموور

بەرامبەر بووکى ناو کەژاوەى سوور  )

 پرسیار : ئەو  وتووێژە لەنێوان بەڕێزت و باوکتدایە ؟

وەڵام:  بەڵێ ئەوە هەردووکمانین و ڕێنماییم  دەداتێ

وتى: لێرەدا یەکسەر بڵێی ( ئەى لەهاڕەى لەرزانە)  خۆش نییە ؟! لێرەدا بەشێوەیەکى بەرز بیچڕە با ئیقاع بوەستێ زۆر  باشەو  میلۆدییەکە خۆشتر دەبێـت ، بەوشێوەیەى باوکم  پێى وتم : لەبەردەمى خۆیدا وتم ، وتى ئافەرین زۆرباشە .

دواى ئەوە  بەوشێوازە تۆمارمکرد لەسەر تەسجیلە بچووکەکەو بردم بۆ کاک فەرهاد  و وتم فەرموون گوێی لێبگرە، کاتێک گوێی لێگرت  وتى : ئەوەندە جوانت خوێندووە  هەقە مافى ئاوازەکە بدەم بەخۆت ، وتم نا مافى بەڕێزتانەو  پێوەى ماندوبوون، وتى باشە بابچین بۆلاى  کاک نورى وەشتى ، کاک نورى زۆرى پێ باش بوو  وتى  هەوڵ بدەن هۆنراوەیەکى  جوانى بۆ بدۆزنەوە،

ڕۆژێک شەهیدى ڕەوانشاد ( دڵشاد مەریوانى1947_13/3/1989) هات بۆ دائیرەکەمان  و لەژوورێکدا ئاوازەکەم بۆ خوێند و پێم ووت هۆنراوەیەکم دەوێت بۆ ئەو ئاوازە ، زۆرى لا خۆش بوو ، پێی وتم ئەوە کاتێکى زۆرى دەوێت  تا هۆنراوەیەک بەباڵاى ئەو ئاوازەدا بکەین ، لەولاشەوە  کاک نورى وەشتى داواى لێدەکردین  زوو گۆرانییەکە ئامادەبکەین بۆ ئەوەى بینێرین  بۆ تەلەفزیۆن ،

بەهەرحاڵ ڕۆژێک  هونەرمەند  کاک ( حەمە ڕەشید هەرەس 1948 هەڵەبجە) لەگەڵ هاوسەرەکەى هاتن بۆ دائیرەکەمان  سەرقاڵى کارێکى هونەرى بوون ،  منیش ئەو گۆرانییەم  دەووت ، کاک حەمە ڕەشید  وتى ئەو ئاوازە هى کێیە؟

منیش وتم  هى منە ! وتى ئەو ئاوازە خۆشە بۆ بەو هۆنراوە سادەیە ؟! 

وتم : هۆنراوەیەکم دەست ناکەوێـت ؟ !

وتى: من هۆنراوەیەکم هەیە ، دەتوانى خۆتى لێبدەى ؟

وتم بەڵێ بەڵام بەناوى بەڕێزتانەوە بڵاوى دەکەمەوە  چونکە مافى بەڕێزتانە .

وتى : گرفت نابێت .

بەڵێ هۆنراوەکەى بۆ هێنام و لەسەر هۆنراوەکە چەند جارێکى دیکە پرۆڤەم لەسەر کرد لەگەڵ هاوڕێیانى موزیک  و بردمان بۆ تەلەفزیۆنى کەرکووک ، بەڵام بەداخەوە  لەوێ چەند بڕگەیەک لەهۆنراوەکەیان لابرد ، بەڵام نوسخە ئەسڵییەکە هەرماوە، کاک نورى وەشتى  دەیگووت بە کاک  حەمە ڕەشید بڵێن  چارنییە  بابەوشێوەیە تۆماربکرێت ، دواتر بەوشێوەیەى لەتەلەفزیۆنى کەرکووک بڕیارى لەسەر درا ئامادەمان کردەوە ، دواى دووجار ڕەفزکردن ، دواى ئەوەهەموو ئێواران  لەکۆمەڵ  ئەو گۆرانییە  دەوترا، چونکە لاى هەمووان  ئاوازێکى خۆش بوو ،

لەگەڵ ئەو گۆرانییەى من لەتەلەفزیۆنى کەرکووک  ، گۆرانییەکى هونەرمەند ( جەمال شەریف)  و گۆرانییەک بەناوى ( بەعینوانى) بۆ( عومەر خەمزەیی و وەلى عەبەى سەیزادە) تۆمارکرا،

لەکاتى تۆمارکردنى گۆرانییەکە خاتوونێک  بوو بەکامێرامان ناوى (فەیمە) بوو  تورکمان بوو ، زۆر سەرنجى دەدام لەکاتى تۆمارکردنەکە ، دواى تۆمارکردن نازانم لەڕێى ئەو فەیمە و برادەرێکى  کوردیش بوو ناوى ( نورى ) بوو ، داوایان لێکردم  کە سروود بۆ ( قادسیەى سەدام) بڵێم ؟!

پرسیار : ئەگەر بێتەوە یادت گۆرانى ( ڕاز) زیاتر لەناو جەماوەردا بە (ئاى لەهاڕەى لەرزانە) تاسرا ،لەساڵى چەند لەتەلەفزیۆنى کەرکوک تۆمارتان کرد ؟

وەڵام : تکایە بمبوورە  زۆر یادەوەریم  لەیاد نەماوە بەهۆى ئەو جەڵتەیەوە ، ئەگەر هەڵە نەبم لەساڵى (1981 بۆ 1982) بوو ، لەگەڵ تیپى مۆسیقاى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى تۆمارمان کرد.

_ هونەرمەندى ژەنیارى ئامێرى ڤیۆلۆن ( فەرەیدون محەمەد قادر) ئەندامى تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى  ئێستا لە( ئەڵمانیا) دەژى لەڕێێ تەلەفۆنەوە لێم پرسیی : ( ئاماژەى پێدا ئەو گۆرانییە بۆ هونەرمەنج خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان  ، لەسالى (1982) لەتەلەفزیۆنى کەرکووک بەشێوەى ڕەنگاو ڕەنگ بۆمان تۆمارکرد ) ( 1) .

ئەوکاتە کە ئێمە چووینە تەلەفزیۆن هەردوو هونەرمەندى گەورە مامۆستا ( ئەحمەد سالار 1947 سلێمانى) و مامۆستا (عەبدولى حەمەجوان 1948 سلێمانى)  سەرۆکى وەفدەکەى ئێمە بوون

 پرسیار : دواى بڵاوبوونەوەى  گۆرانى ( ڕاز)  لەڕووى ( دەنگ و میلۆدى و تێکستەوە ، پێشوازى جەماوەر چۆن بوو ؟

وەڵام :  لەتۆمارکردن تەواو بووین  کارمەندان و تیپى مۆسیقاى تەلەفزیۆنى کەرکووک  هەموو یان دەهاتن  و دەستخۆشییان  لەمن و برایانى موزیک  دەکرد بۆئەو بەرهەمە جوانە،  هەروەها کاتێک گۆرانییەکە لەتەلەفزیۆن پەخش کرا  لەلایەن زۆر لەهاوڕێیانمەوە ستایش کرام  و دەتوانم بڵێم من زیاتر بەهۆى گۆرانى (ڕاز) ەوە چوومە ناو دڵ و ڕۆح و هەستى گوێگرى موزیک و ئاوازى کوردییەوە زیاتر چوومە ناو خەڵکەوە.

پرسیار : دواى گۆرانى ڕاز  بەردەوامیت دا بە هونەرەکەت ؟

وەڵام :  بەداخەوە سیاسەتى زوڵم و ستەمى بەعس نەیهێشت درێژە بەهونەرەکەم بدەم ، بۆ  ؟ لەدواى ڕاز  لەتەلەفزیۆنى کەرکووک  داوایان لێکردم  کە سروود بۆ قادسیە بڵێم ،  وتم : نایڵێم  هەرچەندە زۆر تەماحى سەیارەو خانووشیان خستە بەردەمم !  لێرەوە دەیڵێم بۆهەمیشە سوپاسگوزارى مامۆستا ئەحمەد سالارم  ، هەستى کرد کەوتوومەتە ژێرفشارەوە، ئەو وەڵامى دایەوە و وتى : کاکە خەلیل باوکى مردووە لەڕووخسارى مەڕوانن وا خۆى ڕازاندۆتەوە ، لەبەر تۆمارکردنى گۆرانییەکە هاتووە ، دەنا پرسەى هەیە ، باپرسەکەى تەواو بێت  دەینێرینەوە !

پرسیار : کەواتە مامۆستا ئەحمەد سالار ڕزگارى کردى ؟

وەڵام : بەڵێ ماڵى ئاوابێت  ڕزگارى کردم بەڵام وازیان نەهێنا وتیان ئەدرەسەکەیمان دەوێت لەسلێمانى  لەکوێ کاردەکات ، ئەدرەسى تیپى کۆمەڵ مان پێدان  ، وتیان ئەوەمان ناوێت  لە چ دائیرەیەکە ، بەداخەوە برادەرێک وتى لە ڕۆشنبیرى سلێمانى دەوام دەکات .

دواى گەڕانەوەمان  بۆ چەند جارێک بانگیان کردم لەدائیرەى ئەمنەوە  تەنانەت جارێک  بیانووى گۆرانى ڕازیان هێنایە پێشەوە کەئەو هۆنراوەیە  سیاسی یە ، منیش دەمووت  من وەک گۆرانیبێژێک خوێندوومە  و شاعیرەکەش لەشاردا دەژى ، بەڵام هەروازیان لێنەدەهێنام و دەمگووت  سروود ناڵێم  ، کۆتاییەکەى  لەدائیرەکەم فەسڵیان کردم ، دواتر هاوسەرەکەشم ئەویشیان فەسڵ کرد.

 پرسیار : ئەى دواى ڕاپەڕینى ساڵى (1991)  لەم قۆناغەدا لەدەرگاى تیپ و گرووپى  موزیکت  نەدا ، بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆرانى ؟

وەڵام:  ئارەزووم بوو  بگەڕێمەوە بۆ کارى  هونەریی ، بەڵام ویستم سەرەتا هەوڵى گەڕانەوەم بدەم  بۆسەر کارى پێشووم لە ڕۆشنبیرى  ، بەرنامەکەم وادانابوو  کەلەوێوە هەوڵ بدەم بگەڕێمەوە سەرکارى  هونەریی ، بەڵام بەداخەوە  چەندین جار هەوڵى گەڕانەوەم دا ، چەندجار چوومە هەولێر و لێرە لەسلێمانى  بۆیان نەکردم کەبگەڕێمەوە دائیرەکەم  ،  لەوهەوڵانەدابووم  ڕۆژ بەرۆژ بارى ئابوورى  سەخت دەبوو ، منیش لەپێناو دابینکردنى بژێوى ژیانى خۆم و خانەوادەکەم ناچارم  ڕووکردە کارکردن و لەدامەزراندنەوەشم بێ هیوا بووم ، بەداخەوە هیچ هیوا و ئومێدێکم بەهونەر نەما ؟! بەڵام لەڕابردووش پەشیمان نیم و هەمیشە شانازى پێوە دەکەم ، چونکە لەڕێى ئەو کارە هونەرییانەى پێشوو ئەنجامم داوە  خۆشەویستى و حورمەتى خەڵکم بەدەستهێناوە ئەوە بۆمن  گەورەیە  و لەلام پیرۆزە.

پرسیار :  لەکارى هونەریی دوورکەوتونەتەوە ئێستا بەچییەوە سەرقاڵن و ژیانى ڕۆژانەتان بەڕێ دەکەن ؟

وەڵام :  هیچ کات ناتوانم ئەو خۆشەویستییەى  بۆ هونەر هەمبووە و هەیە ئێستا فەرامۆشى بکەم  ، بەڵام  هەورازو نشێو و گەرمى و ساردییەکانى ژیان  لەهونەریی گۆرانى گوتنى دابڕیم  ، بەشانازییەوە  لەم تەمەنەدا شۆفێرى تاکسى یم  و لەوڕێگەیەوە  ژیان دابین دەکەم ، ئێمە پێشتر مووچەیەکى ڕێزلێنان مان هەبوو ،  بەداخەوە ئەوە چەند ساڵێکە  ئەوەشیان پێ ڕەوانەبینین و ئەو مووچەیان لێ بڕین.

پرسیار : وێنەیەکتان  هەیە  لەگەڵ هونەرمەندى موزیسیان ڕەوانشاد ( ئەنوەر تاهیر ناسراو بە مەلائەنوەر 1941_14/1/1996)  ئایا  بەچ مەبەستێک بوو چوونە شارى کۆیە ؟

وەڵام : ئەوکاتەى کەلەڕۆشنبیرى سلێمانى بووم  ، لەڕێگەى  هونەرمەند ( فوئادى حەمەئەمین ئاغا)  پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ هونەرمەندانى شارى هەولێر و کۆیەدا هەبوو ، وەکو کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى  لەهۆڵى ( ئیبن مستوفى) ئاهەنگێکمان  ئەنجامدا ، دواتر بڕیاریان دا ئەو  ئاهەنگەش لە کۆیە ئەنجام بدەین ، کاتێک چووینە کۆیە  بەداخەوە ئەو کاتە هۆڵى تێدا نەبوو ، لەقوتابخانەیەک  شانۆیان  ئامادەکرد  بۆمان  ، ئێستاش ئەو دیمەنە جوانەى خەڵکى کۆیە  لەیادمە ، چەند بەپەرۆش و هونەر دۆست و هونەر خۆشەویست بوون ، دەتوانم بڵێم  سێ بەشى خەڵکى کۆیە هاتبوون ، ئەوەى سەرنجى زیاتر ڕادەکێشام هەریەکە بۆخۆى  کورسى یان شتێکى هێنابوو  تالەسەرى دابنیشێ و گوێ لەموزیک و گۆرانى بگرێت .

 پرسیار :  لە ڕێكه‌وتی (10/9/1978 ) لەو ئاهەنگەدا چ گۆرانییەکت خوێند  لە شارى کۆیە‌ ؟

وەڵام : دیمەنى جوانى ئامادەبووان زۆر جێی سەرنج و ستایش بوو ، سڵاو لەو هەستە هونەرییەى  خەڵکى کۆیە ، لەوئاهەنگەدا  مەقامێک و گۆرانى ( کراس ڕەش) ى هونەرمەندى نەمر حەسەن زیرەکم خوێند، دواى تەواو بوونى ئاهەنگەکە لەلایەن خەڵکەوە زۆر پێشوازییەکى گەرمیان لێکردین  و کۆمەڵێک لەهونەرمەندە جوانەکانى ئەوشارە  هاتن بۆلامان ، وێنەشم هەیە  لەوانە  مامۆستا مەلائەنوەر ژەنیارى  قانوون ،  زۆر دەست خۆشیی و دەنگخۆشی لێکردم و زیاتر هانى دام بەردەوام بم  و هەروەها پێی وتم لەسەر شانۆ زۆر بەجوانى و بوێرانە و هونەرییانە گۆرانیەکت خوێند هەى ئافەرین ، هەروەها دەنگخۆش ئیبراهیم سابیر و  ئەکتەرى ناودار بەڕەحمەت بێت سوبحى کۆیی  و عەبدوڵڵا ئیسماعیل و بەداخەوە ناوى ئەوانى ترم لەیاد نەماوە.

  پرسیار : باسى مەقامت کرد  ئایا  هیچ شارەزایتان هەیە لەمەقام  ، ئایا مەقامەکان  و خەسڵەتەکانى خوێندنى دەزانى ؟

وەڵام : لەهەرئاهەنگ و پرۆگرامێکدا بەشداریم کردبێت  بێگومان  مەقامێکم خوێندووە ، چونکە زۆر حەزم لەمەقامە ، ناڵێم بەتەواوى لەهەموو مەقامەکاندا شارەزام ، بەڵام مەقامەکان دەناسم  و زیاتر باوکم هاوکارم بووە لەناسینەوەى مەقامەکان  و شێوازى  وتنیان.

پرسیار :  بابێنە سەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکە ،  ساڵى  چەند ژیانى هاوسەرگیریتان پێکهێناوە ؟

 وەڵام :  بەڵێ بەخۆشحاڵییەوە  ساڵى (1980) ژیانى هاوسەرگیریم لەگەڵ خاتوو (شیرین) پێکهێناوە  و خاوەنى چوار کچ و کوڕێک .

پرسیار : ئایا هیچ لەمنداڵەکانت  پەیوەست نەبوون بەکارى  هونەرییەوە؟

وەڵام : خۆشبەختانە  دووان لەکچەکانم  سەرقاڵى کارى  هونەریین ،  هەردووکیان مامۆستان و  یەکێکیان  ژەنیارى ( فلوت ) و ئەوى تریان ژەنیارى  ( چەلۆ) یە ، دووانەکەى تریشم  توێژەرى کۆمەڵایەتین  و کوڕەکەشم  زۆر حەزو ئارەزووى موزیک بوو بەڵام بەداخەوە  بەهۆى بارودۆخێکەوە من نەمتوانى هاوکارى بم .

جەمالى دەلاک : زۆر سوپاس بۆ ئەو ماوەیەى پێت بەخشین و ماندوو مان کردیت .

خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان :  نا تکایە دەستى ئێوە خۆش بێت ، ئێوە ماندوبوون و سوپاس بۆ ئەو دیدارە و دواى چەندین ساڵ  لاپەڕەکانى ژیانى منتان هەڵدایەوە و هیوادارم  توانیبێتم  وەڵامى پرسیارەکانتانم دابێتەوە (2).

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک)  30/9/2026 سلێمانى.

 

(*) هونەرمەندی شەهید ( سۆران سەڵتە ) ساڵى (1950) لەشارى سلێمانى  هاتۆتە دنیاوە ،ژەنیاری ئامێری (کەمان و باڵەبان) هونەرمەندێکی بە توانابوو بەداخەوە لەڕێکەوتى (24/4/1974) لە شاری قەڵادزێ شەهیدبوو لە دەرەنجامی هێرشە دڕندانەکەى ڕژێمی بەعسى فاشیست بە فڕۆکەی سیخۆ لەگەل (120) کەس خەڵکی شارى قەڵادزێ و  قوتابیانی زانکۆی سلێمانی شەهید کران.( سوپاس بۆ هونەرمەند جەمال سابیر   ،، ج_د)

(1)پەیوەندى تەلەفۆنیم لەگەڵ هونەرمەند ( فەرەیدون محەمەد قادر ) لەرۆژى  پێنج شەممە  ڕێکەوتى( 24/9/2026  )  ( سلێمانى_ ئەڵمانیا) ( ج_د).

(2) دیدار لەگەڵ هونەرمەندى گۆرانیبێژ خەلیل محەمەدعەبدولڕەحمان ...

 ڕۆژى چوارشەممە  ، ڕێکەوتى (23/9/2026)  کاتژمێر :2:30 خولەک ،شوێن : باخى گشتى  شارى سلێمانى.

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.