لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی 11 گەنجی کوردی دەستبەسەرکراو لە لیبیا تەواو کران و بەم زووانە دەگەڕێندرێنەوە، هاوکات هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی 10 بێسەروشوێنی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین بەردەوامن.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاووڵاتی لە وڵاتی لیبیا گەیشت، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بەپەلە ڕێکاری پێویست بۆ دۆزینەوە، ڕزگارکردن و هێنانەوەیان بگرنەبەر، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە 11 هاووڵاتی تەواو بووە و لەم چەند ڕۆژەدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هاوکات وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان چڕ کردووەتەوە بۆ دۆزینەوە و سۆراغکردنی 10 هاووڵاتیی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن و بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمەوە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هۆشداریی دایە گەنجان و خێزانەکانیان لەسەر گرنگیی خۆپارێزی لە گرتنەبەری ڕێگەی نایاسایی و مەترسیداری کۆچ بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە کۆچە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی و مەترسیی مەرگیان دەکاتەوە، هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ئەو گەنجانە بووەوە کە بەشێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندیخانەکانی لیبیادا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی ژیان بوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.