Erbil 31°C ھەینی 02 تشرینی یەکەم 18:44

ڕۆیتەرز: ئێران بۆ ئەگەری هێرشی بەرفراوانی ئەمەریکا خۆی بۆ "وەڵامێکی بەهێزتر" ئامادە دەکات

100%

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیەرە قەتەرییەکانەوە هەوڵ دەدات دەرچەیەک بۆ دیپلۆماسی بدۆزێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بۆ وەڵامێکی بەهێزتر و فراوانتر ئامادە دەکات لە ئەگەری ئەوەی ئەمەریکا هێرشی سەربازیی بەرفراوان دەست پێ بکاتەوە.

بەپێی گوتەی سێ بەرپرسی باڵای ئێرانی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرکردایەتیی ئێران قەناعەتی بەوە هێناوە کە هەر هەڵمەتێکی نوێی ئەمەریکا دەبێت بە وەڵامێکی کوشندەتر و بەهێزتر لە جاران وەڵام بدرێتەوە. تاران ئێستا پلان دادەڕێژێت بۆ فراوانکردنی ئامانجەکان، کە تەنیا داراییە پەیوەندیدارەکان بە ئەمەریکاوە ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەن، تەنانەت پێشبینی دەکرێت ئامانجەکان ناوچەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە.

دوای گەڕانەوەی مەسعود پزیشکیان لە نیویۆرک، سەرکردەکانی ئێران جەختیان لەسەر کات و ڕووبەری هەر وەڵامدانەوەیەک کردووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی تاران لە کۆبوونەوەکانی نیویۆرکدا پێشنیازێکی 7 ڕۆژەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە خستە بەردەم ئەمەریکا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە. ئێستا وەڵامێکی ئەمەریکا بە ڕێگەی قەتەر گەیشتووەتە تاران و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتن زۆر ئەستەمە.

تاران ڕێنمایی داوەتە گرووپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عێراق کە ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەیەکی هاوئاهەنگ. ڕێنماییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئامادەبن بۆ کاردانەوەیەکی هاوبەش کە لە گەرووی هورمزەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و گەمارۆکانی ئەمەریکا هەناردەی نەوتی بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە. سەرکردایەتیی ئێران نیگەرانە لەوەی کە درێژەکێشانی شەڕەکە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، هاوشێوەی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، کە ڕەنگە ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر شەرعیەتی دەسەڵات.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.