Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 00:19

دەستەی دەستپاكيی عێراق فەرمانی دەستگیركردن بۆ 14 فەرمانبەر دەردەكات

100%

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بوونی چەندان تاوانی پێشێلكاری و دەستکاری لە دۆسیەی تەرخانکردنی زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدان و برینداران لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناسڕییە لە پارێزگای زیقار ئاشکرا کرد، ئاماژەشی بەوەدا كە بەهۆی ئەم تاوانە فەرمانی دەستگیركردن بۆ 14 فەرمانبەری شارەوانییەكە دەرچووە.

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند: نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی پارێزگای زیقار بەدواداچوون و وردبینی بۆ کۆنووسەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ توێژی شەهیدان و برینداران لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناسڕییە ئەنجامداوە، لە بەدواداچوونەكاندا چەندان سەرپێچی و دەستکاری لە ڕێکارەکان ئاشكرابوون.

راشیگەیاند: لە وردبینییەكاندا دەركەوتووە چەندان پارچە زەوی تەرخانکراوە بۆ كەسانێك كە مافیان بە بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانەوە نییە، سەرباری ئەوەش زەوی زۆر باش و ناوازەیان پێدراوە کە بەهای خەملێنراوی هەر پارچەیەک لەو زەوییانە زیاتر لە ملیارێك دیناری عێراقییە.

دەستەی دەستپاکی جەختیشی كردەوە كە بەهۆی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ 14 فەرمانبەری شارەوانی ناسڕییە دەرچووە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر، هەروەها لێكۆڵینەوەكان لەسەر بابەتەكە بەردەوامە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.