Erbil 31°C یەکشەممە 27 ئەیلوول 20:19

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی کەمئاویی لە سلێمانی چارەسەر دەکات

100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەستپێکردنی قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان - سلێمانی بە دەستی کاری ناوخۆیی ڕاگەیاند، کە توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا هەیە و کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی بۆ دەیان ساڵ چارەسەر دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: دوای ئەوەی قۆناغی نەخشەسازی کۆتاییهات، ئێستا قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ئاوی هێڵی دووکان - سلێمانی 3) دەستیپێکردووە، کە ئاوی خواردنەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ تەواوی هاووڵاتییان دابین دەکات و بە تۆڕی ئاوی سلێمانییەوە گرێ دەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کۆی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لەم پڕۆژەیەدا 20 هەزار مەتر سێجایە لە کاتژمێرێکدا و لە قۆناغی یەکەمیشدا 10 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، ئاوی خواردنەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی دابین دەکات، پڕۆژەکە بە تۆڕی ئاوی سلێمانی گرێ دەدرێت و تەواوی هاووڵاتییان سوودمەند دەبن. هاوکات تانکیی سەرەکیی پڕۆژەکە بە قەبارەی 40 هەزار مەتر سێجا دروست دەکرێت و لەوێوە ئاو بۆ ناو شاری سلێمانی دەگوازرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، تۆڕی ئاو بۆ شارەدێ نیشتەجێبووەکان و گەڕەکەکانی ناو شار ڕادەکێشرێت. هەروەها پڕۆژەکە کانیئاوی سەرچنار لە وەرزی کەمئاویدا پاراو دەکات، کە وا دەکات ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئەو کانییە ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بێئاو نەبن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەواوی پڕۆژەکە بە دەستی کاری ناوخۆیی بنیاد دەنرێت و بە تەواوبوونیشی کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی دەیان ساڵ چارەسەر دەبێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.