Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 00:18

هەولێر.. قۆناغی یەکەمی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل کەوتە کار

100%

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند کە سیستەمی ئەلیکترۆنیی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دەستیپێکردووە و لە داهاتوودا مامەڵەکان دەکرێنە دیجیتاڵی، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی وادەی 90 ڕۆژی گواستنەوەی خاوەندارێتی بن و جەختیشی کردەوە کە ئۆتۆمبێلی بڕاوە بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پڕۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێری دەستیپێکرد و سیستەمی ساڵیانەش لە پارێزگای دهۆک خرایە کار، ئەمڕۆ پڕۆسەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر تەنیا لە بەشی بارهەڵگر دەستیپێکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە هەولێر بەهۆی زۆریی قەرەباڵغی و مامەڵەکان پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر بووە.

هێمن میرانی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵیانەی نوێ هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان لە ڕووی ئەمنی و کوالیتییەوە دیزاین کراوە، هەروەها ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین لە قۆناغی جێبەجێکردندان، چونکە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی گونجاو لە ڕووی باڵەخانە، کەلوپەلی تایبەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "یەکێک لە ئامانجەکان کاراکردنی پۆرتالی دیجیتاڵییە، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن بەشێک لە مامەڵەکانی دەرهێنان، تۆمارکردن و گۆڕینی خاوەنداریەتی لە ماڵەوە بکەن، لەمەودواش خاوەنداریەتیی ئۆتۆمبێل بەهێزتر دەبێت و ڕێگری لە هەر جۆرە ساختەکارییەک دەکرێت لە گواستنەوەی خاوەنداریەتیدا".

لە درێژەی قسەکانیدا، هێمن میرانی ڕوونیکردەوە کە بەپێی ڕێنماییی ساڵی ڕابردوو، ماوەی گواستنەوەی خاوەنداریەتی لە 60 ڕۆژەوە بۆ 90 ڕۆژ درێژ کراوەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی کڕینی ئۆتۆمبێلدا پابەندی ئەو 90 ڕۆژە بن تا تووشی کێشەی یاسایی نەبن، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: "پێشتر حاڵەتێک هەبووە کە 1280 ئۆتۆمبێل بە ناوی یەک هاووڵاتییەوە بووە و دوای کۆچی دوایی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل دروست ببێت".

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای بڕاوەش، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە بۆ خاوەنەکەی، خێزانەکەی و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی سەر شەقام. جەختیشی کردەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگە بە خۆی بدات ئۆتۆمبێلی بڕاوە تۆمار بکات و بە هیچ جۆرێکیش نابێت لەسەر شەقامەکان بمێننەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.