سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە یەکەم وتاریدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە، جەختی كردەوە کە ئێران ملکەچی ئەمریکا نابێت.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە سەرەتای وتارەكەیدا ئەمریكای تۆمەتبار کرد بە تیرۆریست وەسفی كرد بەهۆی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی.
پزیشکیان جەختی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بزانێت کە خۆڕاگریی گەلی ئێران لە بەرامبەر سزاکان و زیادبوونی فشارەکان زیاتر دەبێت و گوتی "هەرگیز سەرمان بۆ ئەمەریکا دانانەوێنین و چۆک دانادەین".
لە وەڵامی تۆمەتەکانی ترەمپ بۆ ئێران بەوەی كە پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، سەرۆکی ئێران گوتی: سەرۆکی ئەمریکا ئێمەی بە تیرۆریست وەسف کردووە، لە كاتێكدا ئێمە خۆمان قوربانی تیرۆرین. بەڵێ، من لە ئێرانێکەوە هاتووم کە ڕێبەری باڵامان بێ هیچ پاساوێک تیرۆر کرا، من لە ئێرانێکەوە هاتووم کە لە سەرەتای جەنگ قوتابخانەیان بۆردومان کرد.
پزیشكیان هەروەها هۆشداری دا کە تاران بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادات گەرووی هورمز ببێتە سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەری، دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگەکەوە گەرووەکەی داخستووە. گوتیشی: نەیانتوانیوە ڕێگە بدەن هەندێک کەس ئازادانە دەستیان بەم ڕێڕەوە ئاوییە بگات و بەرژەوەندییەکانیان بەهێز بکەن، لە هەمانکاتدا ئەم ڕێڕەوە بەکاردەهێنن بۆ سەپاندنی دەستدرێژییەکانیان بۆ سەرمان.
جەختیشی کردەوە کە "ئێران هەردەم دەستپێشخەری نەبووە و هیچ جەنگێکی هەڵنەگیرساندووە، هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دانوستاندنەکان و مێزی گفتوگۆكان نیشانداوە، هەرچەندە جەنگمان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام سەلماندمان کە لە جەنگکردن ناترسین.
پزیشکیان لە وتارەكەدا هیچ ئاماژەیەکی بە لێدوانەکانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ نەداوە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدار لەنێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، کە چەند کاتژمێرێک دوای ئاگادارکردنەوەی لە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن هاتبوو.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک کە كاریگەرییەكەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی گرتەوە. تاران لە وەڵامدا گەرووی هورمزی داخست و ئەمەش لە كۆتاییدا بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی نەوت لە سەرانسەری جیهاندا، هاوکات بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن کردە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.