گرووپێکی زانایانی نێودەوڵەتی لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایان کرد، بڕی کاتژمێرەکانی خەوتن کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەمەنی بایۆلۆجی (Biologic Age)ی مرۆڤ هەیە و دەتوانێت پرۆسەی پیربوون خێرا یان هێواش بکاتەوە.
زانایان داتای زیاتر لە 37 بۆ 84 ساڵیان لە بانکی زیندەیی بەریتانی (UK Biobank) وەرگرتووە. بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەنی بایۆلۆجی، 23 پێوەری جیاوازیان بەکارهێناوە، لەوانە: وێنەی ئەندامەکانی لەش، پێکهاتەی پرۆتینەکان و پاشماوەی زیندەپاڵی (Metabolism) لە خوێندا.
دەرکەوت پەیوەندیی نێوان کاتی خەوتن و تەمەنی بایۆلۆجی شێوەی پیتێکی (U)ـی هەیە. واتە: کەم خەوتن یان زۆر خەوتن، هەردووکیان پەیوەندییان بە دەرکەوتنی نیشانەکانی پیرییەوە هەیە. باشترین ماوەی خەوتن بەپێی جەستە و ڕەگەز لە نێوان 6.4 بۆ 7.8 کاتژمێردا دیاری کراوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە 6 کاتژمێر کەمتر یان لە 8 کاتژمێر زیاتر دەخەون، ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییەکان (وەک شەکرە و خەمۆکی) دەبنەوە، هەروەها ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە هەر هۆکارێک بەراورد بەوانەی 6 بۆ 8 کاتژمێر دەخەون، زیاترە.
سەرەڕای ئەوەی توێژینەوەکە پەیوەندییەکی ڕوونی نێوان خەو و تەمەنی بایۆلۆجی دیاری کردووە، بەڵام زانایان هۆشداری دەدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تەنیا گۆڕینی کاتی خەو بە تەنیا دەبێتە هۆی هێواشکردنەوەی پیری. ئەوان هیوادارن لە داهاتوودا ڕێکخستنی خەو وەک یەکێک لە ستوونەکانی پیریی تەندروست (Healthy Aging) بناسرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.