پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوکان، توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە ماتۆڕسکیلێکیان دزیبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد کە ماتۆڕسکیلێکی سێ تایی لێدزراوە، تیمەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دوکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی دوکان و بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، توانرا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێن.
هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلەدا گرتووە کە تۆمەتباران بەکاریان هێناوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، هەردوو تۆمەتبار لە دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی ماتۆڕسکیلدا دزییان کردووە و خاوەن دوکانەکەش سکاڵای یاسایی لەسەریان تۆمار کردووە.
تۆمەتباران (ی.ص.م) لەدایکبووی 1993 و (ج.م.ع) لەدایکبووی 2005، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیان بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.