Erbil 31°C یەکشەممە 20 ئەیلوول 18:59

ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزارەت بۆ بەدواداچوونی دەستەبەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزە فیدراڵییەکان ڕادەسپێرێت

100%

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەرسێ وەزارەتی داد، دارایی و پلاندانانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوى فەرمیی ژمارە (11474) لە ڕۆژى (13-09-2026)، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری و پلاندانان)ـی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان (قانون الإقتراض والمنح والإعانات).

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە. لە بڕیارەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەی (106)ـی دەستوور کراوەتەوە، کە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکوومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، بۆیە پێویستە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا، مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە، بۆیە پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاووتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و دادپەروەری ڕەچاو بکرێن. 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.