وەزارەتی تەندروستیی عێراق دوایین ئاماری قوربانییان لە رووداوەكەی شەوی رابردووی پارێزگای بەسڕە بڵاو كردەوە كە لە كارگەیەكدا گازی ئەمۆنیا دزەی كردبوو و لەنێو كارمەند و هاووڵاتییاندا گیانلەدەستدان و بریندار كەوتبووەوە.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دوایین ئاماری قوربانییەكان رایگەیاند: بەداخەوە لە رووداوەكەدا دوو كەس گیانیان لەدەست دا.
هەروەها رایگەیاند: کۆی گشتیی بریندارەكانیش گەیشتبووە 114 کەس کە باری تەندروستیی زۆربەیان جێگیر و سووک بووە.
سەیف بەدر ڕوونیشی کردەوە: لەنێو بریندارەكاندا تا ئێستا 21 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە، 12 لەوانە لە نەخۆشخانەی زوبێر خەوێنراون، 2 برینداری دیكەش لە نەخۆشخانەی سەیاب و 7ی دیكەش لە نەخۆشخانەی کوەیتی لەژێر چاودێری دان.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیشی کردەوە کە ڕەوشی تەندروستیی تەواوی ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە جێگیرە، جگە لە یەک بریندار نەبێت كە تا ئێستا باری تەندروستی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریی چڕدا ماوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.