25 کەس لە براوەکانی خەڵاتی میدالیای فێڵدز کە بە بەرزترین ڕێزلێنان لە بواری بیرکاریدا دادەنرێت هۆشدارییەکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بیرکاری بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەم پێشبڕکێیە مەترسیی هەمیشەیی بۆ سەر ئەم بوارە دروست دەکات.
ئەم نامە هاوبەشە کە ناوی زانایانی گەورەی وەک تیرێنس تاوی لەسەرە، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای (OpenAI) ڕایگەیاند، توانیویانە یەکێک لە کێشەکانی خەڵاتی هەزارە چارەسەر بکەن، ئەو کێشەیەی کە بۆ چەندین نەوە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم بیرکاریدا.
زانایان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئامانجەکانی کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرد و ئامانجەکانی کۆمەڵگەی بیرکاری بە ڕێژەیەکی بەرچاو ناگونجێن و ئەم دیاردەیە بە هەڕەشەیەکی گشتی بۆ سەر کاری فیکری و هزری مرۆڤ وەسف دەکەن.
ئەو 25 زانایە کە مێژووی خەڵاتەکەیان لە ساڵی 1978 تا 2026 دەگرێتەوە، دەڵێن: چارەسەرکردنی کێشەکان تەنیا ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکە کە تێگەیشتنی تیۆرییە. ئەوان پێیان وایە پرۆسەی بیرکاری پێویستی بە کات و تێگەیشتنی مرۆیی هەیە، نەک تەنیا دەرئەنجام.
کۆمپانیای (OpenAI) ڕایگەیاندبوو کە مۆدێلێکی نوێیان توانیویەتی کێشەی ناڤییە-ستۆکس کە یەکێکە لە 7 کێشە گرنگەکەی خەڵاتی هەزار چارەسەر بکات. ئەم کارە لە ماوەی 88 کاتژمێردا و بە بەکارهێنانی هەزاران بریکاری زیرەکیی دەستکرد کە بە هاوکات کاریان کردووە، ئەنجام دراوە.
زانایان داوایان کردووە ئەم بابەتە بە خێرایی لەلایەن کۆمەڵگەی بیرکاری و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانەوە تاوتوێ بکرێت، تاوەکو لە سایەی گۆڕانکارییەکانی زیرەکیی دەستکرددا، ئەوە لەبیر نەکەین کە دەبوو ئەم کارە چی بەرهەم بهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.