پزیشکانی پسپۆڕی چاو هۆشداری دەدەن لەوەی کە بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد مەترسیی کۆبوونەوەی مێروویەکی بچووک بە ناوی دیمۆدیکس لە دەوری برژانگەکان زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی خوران، سووربوونەوە، هەستیاری، قڵیشانی پێست و تەڵخبوونی بینایی.
توێژینەوەیەکی تیمێکی پزیشکی بە سەرۆکایەتیی پزیشک تیتیانا زەمود لەسەر 345 ئافرەت کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 28 ساڵدا بووە، ئەنجامەکانی خستە ڕوو: لە کۆی 25 ئافرەت کە بەردەوام برژانگی دەستکرد بەکاردەهێنن، 24 کەسیان (بە ڕێژەی 96%) ئەو مێرووەیان لەسەر برژانگیان هەبووە. 48% ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە دوای دانانی برژانگی دەستکرد تووشی بێزاری، سووربوونەوە یان خوران بوونەتەوە. 85% ی ئەوانەی زیاتر لە 10 جار برژانگی دەستکردیان داناوە، تووشی گیرانی ڕژێنەکانی پێڵووی چاو یان کەمیی دەردانی ئەو چەورییانە بوون کە بۆ شێدارکردنی چاو پێویستن.
مێرووی دیمۆدیکس بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر پێستی مرۆڤ هەیە و بەگشتی کێشە دروست ناکات، بەڵام برژانگی دەستکرد ژینگەیەکی لەبار بۆ زاوزێی ئەم مێرووە دروست دەکات؛ چونکە خانە مردووەکانی پێست و پاشماوەی چەسپ لە بنجی برژانگەکاندا کۆ دەبنەوە و ڕێگری لە پاکبوونەوەی سروشتیی چاو دەکەن.
پڕۆفیسۆر سۆرشا نی دۆڤگایل، سەرۆکی لیژنەی کۆرنیا لە کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەشتەرگەریی چاو، دەڵێت: ئاشکراکردنی ئەم مێرووە لەناو ئەوانەی برژانگی دەستکرد بەکاردەهێنن زۆر ئەستەمترە، چونکە چەسپەکە ڕێگری لە دەرکەوتنی ئەو نیشانانە دەکات کە بوونی مێرووەکە ئاشکرا دەکەن.
پزیشکان ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکەن کە برژانگی دەستکرد بەکاردەهێنن:
1. گرنگیدانی تایبەت بە پاکوخاوێنیی پێڵووی چاو.
2. ڕۆژانە دوو جار بەکارهێنانی پاککەرەوەیەکی نەرم و فڵچەیەکی تایبەت بۆ پاککردنەوەی برژانگەکان.
3. ئاگاداربوون لە هەر نیشانەیەکی سەرەتایی وەک خوران یان سووربوونەوەی چاو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.