فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران و زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشیدان بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکان.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران ئەنجام داوە.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، هێرشەکان بۆ سەر پێگە و ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام دراون، لەوانە: ناوەندەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمەکانی ڕادار، تواناکانی دەریایی، بنکە و دامەزراوەکان، توانای دانانی مینی دەریایی و ناوەندەکانی پەیوەندی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هەروەها ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایان دابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەخت کراوەتەوە، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشیدان بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکان بە فەرمانی سەرکردەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.