وەزارەتی تەندروستیی میسر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی سەرنشینان لە پارێزگای سینای باشوور لە ڕۆژهەڵاتی میسر، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی میسر، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی سەرنشینان لە پارێزگای سینای باشوور لە ڕۆژهەڵاتی میسر، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون. ڕووداوەکە لەسەر ڕێگەی دەهەب - نوێبع ڕوویداوە.
حوسام عەبدولغەفار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی میسر ئاماژەی بەوە کرد کە دەستبەجێ 20 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون بۆ گواستنەوەی بریندارەکان و تەرمەکان بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە.
کەناڵی ئەلمەملەکەی فەرمیی ئوردن بڵاوی کردەوە، لە کۆی 16 کەسی گیانلەدەستداو، 10 کەسیان هاووڵاتیی ئوردنین. پاسەکە بە گشتی 43 سەرنشینی هەڵگرتبوو، کە 22 کەسیان ئوردنی بوون. تاوەکو ئێستا 28 کەسی بریندار تۆمارکراون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەم ڕووداوە لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاخاویی میسردا ڕوویداوە. جێی ئاماژەیە، ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە میسر بە ڕێژەیەکی بەرز تۆمار دەکرێن بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوەندیی سەرژمێریی میسر، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 6,000 کەس لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.