Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 23:16

سەندیکای هونەرمەندان بۆ دەزگا میدیاییەکان: شکۆی هونەرمەندان بپارێزن

100%

ئەنجوومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026 بڵاویکردەوە، داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات ڕەچاوی باری تەندروستی و تەمەنی هونەرمەندان بکەن و شکۆیان بپارێزن.

سەندیکای هونەرمەندان ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و تێکچوونی باری تەندروستی، هەندێک لە هونەرمەندان کاریگەریی نەرێنی کەوتووەتە سەر شێوازی قسەکردن و جەستەیان، هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەک بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە بۆ مێژووە پڕ لە بەخششیان بڕوانن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ماوەیەکە هەندێک دەزگای میدیایی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە ئەنجام دەدەن کە باری تەندروستییان جێگیر نییە. سەندیکاکە دەڵێت: "ئەم چاوپێکەوتنانە لە سۆشیاڵ میدیا کاردانەوەی نەرێنییان لێکەوتووەتەوە و بوونەتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندان. هەرچەندە ڕەنگە مەبەستی هەندێک لەو میدیایانە ڕاکێشانی سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت بۆ هاوکاریکردنیان، بەڵام دواجار زیان بە کەسایەتی هونەرمەندەکە دەگەیەنێت."

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان داوا لە سەرجەم میدیاکان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە نیشاندانی ئەو جۆرە چاوپێکەوتنانە و وەک پێویست لەبەردەم کامێراکاندا پارێزگاری لە مێژوو و شکۆی هونەرمەندان بکەن. هاوکات دەستخۆشی لە هەموو ئەو هەوڵە میدیاییانە دەکات کە بە شێوازێکی شایستە خزمەت بە هونەرمەندان دەگەیەنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.