Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 22:01

مەلا برادەر داوا لە نەیارانی تاڵیبان دەکات ئەفغانستان بەرەو شەڕی ناوخۆ نەبەنەوە

100%

عەبدولغەنی برادەر،راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان، داوای لە نەیارانی گرووپەکەی کرد دەست لە شەڕ هەڵبگرن و ڕایگەیاند کە وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆ نەبەنەوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا ئەفغانستان وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆیە. ئەم لێدوانانەی برادەر لە میانی مەراسیمی یادی 107 ساڵەی سەربەخۆیی ئەفغانستان لە کابول پێشکەش کران.

ئەم بەرپرسە باڵایەی تاڵیبان لە وتارەکەیدا نەیارانی گرووپەکەی بە "خراپەکار و تێکدەر" وەسف کرد و پەیامی بۆ ناردن کە جارێکی تر وڵات تووشی وێرانکاری نەکەنەوە. برادەر بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن یان کەسێکی دیاریکراو بهێنێت، ئاماژەی بەوە کرد ئەو کەسانەی پێشتر لە شەڕی ناوخۆی ئەفغانستاندا بەشدار بوون "کارنامەیەکی ڕەشیان" هەیە و چیتر خەڵک متمانەیان پێ ناکات.

ئەم هۆشدارییەی تاڵیبان لە کاتێکدایە کە لە دوای گەڕانەوەی ئەو گرووپە بۆ سەر دەسەڵات لە ئابی 2021، ئەفغانستان ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی و قەیرانی قووڵی ئابووری بووەتەوە. گرووپە نەیارەکانی تاڵیبان، بەتایبەت "بەرەی بەرگریی نیشتمانی"، بەردەوامن لە چالاکییە چەکدارییەکانیان لە هەندێک ناوچە، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەرجی داننان بە حکوومەتی تاڵیبانی بەستووەتەوە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کە هەموو پێکهاتەکانی ئەفغانستان لەخۆ بگرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.