Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 22:42

مەسرور بارزانی داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات و هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەدات

100%

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی هەرێم دەدات لەبەر ڕۆشنایی هەڕەشە بەردەوامەکانی درۆنە چەکدارەکان کە لە ئێران یان لە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق ئاراستە دەکرێن.

تەواوی چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلمۆنیتەر

ئەلمۆنیتەر: ئاماژەت بەوە کرد کە هێرشە درۆنییەکانی 17ی ئاب بۆ سەر نووسینگەکەت و ماڵی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان". زیاد لە 1,000 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێم؛ پاڵنەری ئەم هێرشانە چییە؟

مەسرور بارزانی: سەرەتا، ئێمە سەرکۆنەی ئەم هێرشە نادادپەروەرانە و بێ پاساوانە دەکەین. وەک باسم کرد، زیاتر لە 1,000 هێرش لەم ماوەیەدا ئەنجامدراون، کە نەک تەنیا بنکەکانی ئەمریکا، بەڵکو ژێرخان، کەرتی وزە و هەندێک لە بنکەکانی ئێمەیان کردووەتە ئامانج. دوایین هێرش دژی نووسینگەی تایبەتی من بوو. هەڵوێستی ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕوون بووە: نایەوێت ببینە بەشێک لەم ململانێیە. ئێمە هەڕەشەمان بۆ سەر هیچ دراوسێیەک دروست نەکردووە. بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر؟ پێموایە دەبێت ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکرێت. ئەوان تەنیا هەوڵ دەدەن بمانترسێنن یان ڕەنگە بمانکێشنە ناو شتێکەوە کە ئێمە بە توندی ڕەدی دەکەینەوە.

ئەلمۆنیتەر: وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و ئیدیعای کرد کە ئێران بەرپرس نییە.

مەسرور بارزانی : بەڵێ، ئەوەیە کە بیستوومانە. تەنیا ئەوە دەزانین کە ئەم درۆنانە لە جۆری (Hadid-110 turbo)ی دروستکراوی ئێرانین و لە ناو خاکی ئێرانەوە هاتوون. ئیتر کێ تەقاندوونی و کێ لە پشتیانەوەیە؟ پێموایە ئەوە ئەرکی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بزانن چۆن درۆنێکی وەها کە هیچ کەسی تر نییەتی، لەلایەن لایەنێکی ترەوە بەکاردێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان.

ئەلمۆنیتەر: محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە عێراقە. چاوەڕوان دەکەیت ئەم بابەتە بخرێتە ڕوو؟

مەسرور بارزانی: بەڵێ، بڕوام وایە دەخرێتە ڕوو، چونکە سەرۆک وەزیران زەیدی زۆر پشتیوان بووە و هێرشەکانی سەرکۆنە کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە.

ئەلمۆنیتەر: پرسی کشانەوەی موشەکەکانی پاتریۆتی ئەمریکی لە هەرێم پێش 30ی ئەیلوول، چۆن کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنیتان هەبووە؟

مەسرور بارزانی: بێگومان ئێمە بە 1,000 درۆن و موشەک کراوینەتە ئامانج، بۆیە تەنیا گریمانەی هەڕەشە ناکەین، بەڵکو هەڕەشەکە ڕاستەقینەیە. داوامان لە دۆستەکانمان و ئەمریکا کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی گونجاومان پێ بدەن. بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە سیستەمێکی کارا بەدەست بهێنین. تا ئێستا پشتمان بە پشتگیریی هاوڕێ ئەمریکییەکانمان بەستووە کە زۆر سەرکەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوەی زۆربەی موشەک و درۆنەکان. کشانەوەی ئەم سیستەمانە بە دڵنیاییەوە دەمانخاتە مەترسییەوە. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەم یارمەتیمان بدەن ئەم توانایانە بنیات بنێین تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆش وەک ڕابردوو بەهادارە؟

مەسرور بارزانی: بێگومان پەیوەندییەکەمان زۆر بەهادارە. شانازی دەکەین کە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکاین. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو کارانەین کە ئەمریکییەکان بۆیان کردووین و پێمان وایە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک ئەم پەیوەندییە گرنگە. دەزانین هێزەکانی ئەمریکا کەم دەکرێنەوە، بەڵام هیوادارین پەیوەندییەکانمان لە شێوەی جیاوازدا بەردەوام بێت.

ئەلمۆنیتەر: پەیوەندیت لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چۆنە؟

مەسرور بارزانی: من سەرۆک وەزیران زەیدی وەک سەرکردە و هاوڕێیەکی دڵسۆز و جێی متمانە دەبینم. ئەو کارە دروستەکە بۆ وڵات دەکات، جا چ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بێت یان هەوڵدان بۆ هێنانە ژێرکایەی هەموو گروپەکان بۆ ژێر یاسا و داماڵینی چەکی میلیشیاکان. ئەو پشتیوانیی تەواوی ئێمەی هەیە.

ئەلمۆنیتەر: چی ڕوودەدات دوای 30ی ئەیلوول، کە وادەی زەیدییە بۆ ڕادەستکردنی چەکی میلیشیاکان؟

مەسرور بارزانی: هیوادارم هەمووان پابەندی یاسا بن. حکوومەت دەبێت ببێتە خاوەنی ئەم چەکانە و ئەم گروپانە بچنە ناو هێزە ئەمنییەکانەوە. ئەگەر سەرۆک وەزیران هاوکاریی لایەنەکان بەدەست نەهێنێت، ئەرکەکەی زۆر سەخت دەبێت. هیچ کەسێک نایەوێت پێکدادانی سەربازی یان پشێوی لە وڵاتدا ببینێت.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەم کێشەیە پەیوەستە بە پەرەسەندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران؟

مەسرور بارزانی: خەڵک هەمیشە کێشەکانی عێراق بەوەوە دەبەستنەوە کە لە ئێراندا ڕوودەدات، کە ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. بەڵام ئەمە پرسێکی عێراقییە و دەبێت عێراقییەکان بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی وڵاتەکەیان بکەنەوە، بێ گوێدانە ئەوەی ململانێی ئێران بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.

ئەلمۆنیتەر: ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە (تورکیا و سوریا) چۆن دەبینیت؟

مەسرور بارزانی: ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ تورکیا و ئێستا لەگەڵ حکوومەتی سوریاش هەیە. هەوڵمان داوە ببینە ڕەگەزێکی بونیادنەر بۆ پشتیوانیکردنی دەسپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا و دروستکردنی سیستمێکی نوێ لە سوریا. تا ئێستا لەو کارانەی کردوومانە ڕازین.

ئەلمۆنیتەر: سەبارەت بە لایەنی ئابووری و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئایا حکوومەتی هەرێم دەیەوێت ئەم هاوبەشییە قووڵتر بکاتەوە؟

بارزانی: بەڵێ، بێگومان. ئێمە بە توندی هاوبەشی سیاسەتەکەی سەرۆک ترەمپین کە دەڵێت "بازرگانی نەک ململانێ". بڕوامان وایە هێزی ئابووری یارمەتی سەقامگیری دەدات. جگە لە کەرتی وزە، داوا لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، ژێرخان و تەکنەلۆژیاش کار بکەن. بەڵام پێویستە ژینگەیەک دابین بکەین کە وەبەرهێنان و کارمەندەکانیان پارێزراو بن.

ئەلمۆنیتەر: هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم چییە دوای 20 مانگ لە هەڵبژاردن؟

مەسرور بارزانی: زۆر جێی داخە. ئەوە ویستی من نەبوو، بەڵکو هاوبەشەکانمان بوون کە هەمان تێڕوانینیان نەبوو. دەمانویست یەکێتی هاوبەشی سەرەکیمان بێت، بەڵام ئەوان دەیانویست چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. ئەوانەی پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە دەبێت بەرپرسیار بکرێن. من بەردەوام دەبم لە درێژکردنی دەستی هاوڕێیەتی بۆ هەمووان تاوەکو حکوومەتێک پێکبهێنین کە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بێت.

مەسرور بارزانی لە کۆتاییدا گوتی: دەزانم ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی داوە و ئێمە ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرین. تەنیا هیوادارین ئەم کشانەوەیە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات. دەمانوێت پەیوەندییەکانمان لە دەرەوەی هاوکاری ئەمنی فراوان بکەین. هەرێمی کوردستان وەک جێی متمانەترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.