وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئابی 2026 بڵاویکردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزارکردنی خۆی بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان و نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.
سعوودیە جەختی کردەوە، کە ئەم دەستدرێژییانە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و زەقی سەروەریی کۆماری عێراق و سەلامەتیی خاکەکەیەتی. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم جۆرە کارە دوژمنکارییانە بەزاندنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتییە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دووپاتی کردەوە، کە شانشینەکەیان بە تەواوی هەموو ئەو کردەوە دوژمنکارییانە ڕەت دەکاتەوە کە کەسایەتییە سیاسی و یاساییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق دەکەنە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سعوودیە دژی هەر هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە.
ئەم هەڵوێستە توندەی ڕیاز لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.