Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 02:38

گوتەبێژی حکوومەت: هێرشەکەی ئێران هێرشە بۆ سەر تەواوی گەلی کوردستان

100%

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی (العربية)، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە شەوی ڕابردوو کرانە سەر پیرمام و ڕایگەیاند، کە ئەم دەستدرێژییانە "نادادپەروەرانە و بێ پاساون".
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەت بە ڕاشکاوی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کردووەتە ئامانج.

لە لێدوانەکەدا هاتووە کە بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وەک هێرش بۆ سەر "تەواوی گەلی کوردستان" و "هێمای ئیدارەی هەرێم" دەبینرێت، و هۆشداری دا کە لێکەوتەکانی ئەم جۆرە کارانە باش نابن. گوتەبێژی حکوومەت داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، کە هەڵوێستێکی خێرا و ڕوونی هەبێت و لەگەڵ تاراندا گفتوگۆ بکات تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بگیرێت.

هەروەها جەخت کرایەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێ هەرێمییەکان و هەمیشە هەوڵی داوە خاکەکەی دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکارنەهێنرێت. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغەدا پێویستی بە دیالۆگ و سەقامگیری هەیە نەک مووشەک و وێرانکاری، و وتیشی: "ئیرادەی گەلی کوردستان لە مووشەک و درۆنەکان بەهێزترە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.