Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 22:23

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق: هێرشی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی بەزاندنی سەروەریی نیشتمانییە

100%

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی هەرێم. سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا ئەم کارەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و وەرچەرخانێکی قبووڵنەکراو وەسف کرد کە ڕاستەوخۆ دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و سەقامگیریی دامەزراوە فەرمییەکان.

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە (17ی ئابی 2026) بڵاوکراوەتەوە، جەخت کرایەوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی گشتیی عێراق، بۆیە ئامانجگرتنی هەر بەرپرس یان دامەزراوەیەک لە هەر پارچەیەکی خاکەکەدا بێت، لە ژێر هیچ پاساوێکدا قبووڵ ناکرێت. سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە حكوومەتی فیدراڵ و دەزگا ئەمنییە پسپۆڕەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەبارەی بارودۆخی هێرشەکە ئەنجام بدەن و هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە.

هەروەها سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن دووپاتی کردەوە کە پێویستە عێراق لە ململانێ و گرژییە هەرێمییەکان دوور بخرێتەوە و ڕێز لە یەکپارچەیی خاکەکەی بگرێت. لە کۆتایی پەیامەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە تەنها دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان ڕێگەی دروستن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، تاوەکو عێراق و ناوچەکە لە هەڵکشانی سەربازیی زیاتر بپارێزرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.