مەسرور بارزانی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەکەی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات و ڕایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەمە 17ـی ئاب، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: "بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە: "بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکوومەت جەخت دەکاتەوە: "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.