لە ناو جەرگەی سروشتە سیحراوییەکەی هەورامان و لە قەتپاڵی تاقەتپڕووکێنی شاخی "داڵانی"، گوندی زەڵم دەروازەکانی بۆ ڤێستیڤاڵێکی ڕەنگین واڵا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی ئابی 2026)، ڤیستیڤاڵی هەنجیری زەڵم بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە باخەوانان، گەشتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کارەکانی بەردەوام بێت.
گوندی زەڵم کە بە تاڤگە بەخوڕەکەی و چەمە سازگارەکەی ناوبانگی دەرکردووە، تەنها شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵکو مەڵبەندی بەرهەمهێنانی یەکێک لە بەتامترین جۆرەکانی هەنجیرە لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەو ئاوە شیرین و ساردەی لە چیاکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە ناو باخەکاندا تێدەپەڕێت، تامی وای بە هەنجیری ئەم ناوچەیە بەخشیوە کە لە بازاڕەکاندا وەک "زێڕی سپی و مۆر" مامەڵەی پێوە دەکرێت و خواستی یەکجار زۆری لەسەرە.
لە ناو ڤیستیڤاڵەکەدا، جگە لە نمایشکردنی هەنجیری تەڕ و وشکە، جەژنێکی کلتووری بەرپایە؛ ژنانی دەستڕەنگینی هەورامان بە بڵێسەی ئاگری ساجەکان، "کەلانەی" گەرم و خواردنە ڕەسەنەکانی وەک (دۆ و پەنیر و بەرهەمە شاخاوییەکان) پێشکەش بە میوانان دەکەن.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە ناو دڵی ڤیستیڤاڵەکەوە ڕایگەیاند: "ئەم بەرهەمانە هەمووی ڕەنجی باخەوانانی خۆمانە و هێندە سروشتی و پاکن، هەنجیرەکە بەر لەوەی بگاتە سەر زەوی، لە دەستی باخەوانەکان دەفڕێنرێت و کڕیارەکان ڕێگەی نادەن بکەوێتە ئەرز."
ئەم چالاکییە نەک تەنها بۆ ناساندنی بەرهەمی هەنجیرە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە دەڤەری هەورامان. جوتیارانی ناوچەکە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم ڤیستیڤاڵەوە بیسەلمێنن کە خاکی کوردستان و ئاوی زەڵم، دەتوانن باشترین و بەپێزترین خۆراک بۆ بازاڕەکان دابین بکەن، بەو مەرجەی ئاوڕی جیدییان لێ بدرێتەوە و پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی بەرهەمەکانیان بکرێت.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.