لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی دۆخی ناڕوونی و کاڵبوونەوەی هیواکان سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی ئاب، نرخی گرێبەستکانی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بۆ مانگی ئەیلوول بە ڕێژەی 0.09% بەرزبووەوە و گەیشتە 78.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، نرخی گرێبەستەکانی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە ڕێژەی 0.20% ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 83.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هۆکارەکانی گۆڕانکاری نرخ ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو هەردوو جۆرەکەی نەوت بە ڕێژەی زیاتر لە 7% دابەزیبوون، ئەوەش بەهۆی بوونی هیوایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ئێران و عومان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. جێی ئاماژەیە پێش دەستپێکردنی جەنگ، پێنجیەکی نەوتی جیهان لەو گەرووەوە دەگوازرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە تاران ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ عومان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام جەختی کردەوە کە گەرووەکە ناکرێتەوە تاوەکو ئەمریکا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکات، کە گرنگترینیان پێدانی قەرەبووی داراییە بە تاران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەری.
سۆگاندا ساچدیڤا، دامەزرێنەری کۆمپانیای (SS WealthStreet) بۆ توێژینەوە ڕایگەیاند: نرخی نەوت لە نێوان دوو هۆکاری دژبەیەکدا گیری خواردووە بازاڕەکان لە لایەک چاوەڕێی پێشکەوتن لە گفتوگۆکان دەکەن و لە لایەکی تریشەوە ڕووبەڕووی مەرجە سەختەکانی ئێران بوونەتەوە بۆ کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.