سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كردووە و دڵنیایی داوە كە مووچە دەنێرن و هیچ جیاوازییەك لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق ناكەن.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی فالح ساری وەزیری دارایی و نزار ناسڕ حوسێن پارێزگاری بانكی ناوەندی و سەرجەم ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
دانەر عەبدولغەفار ئەندامی فراكسیۆنی پارتی كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، لەبارەی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتی كردەوە كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرن.
راشیگەیاند: سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە كە هیچ كێشەیەك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان نییە.
دانەر عەلدولغەفار هەروەها رایگەیاند: عەلی زەیدی دووپاتی كردەوە كە لە حكوومەتی عێراق هیچ جیاوازییەك لەنێوان مووچەخۆرانی عێراق و كوردستان ناكەن.
گوتیشی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە دڵخۆشە بەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
وێنە: دیمەنێكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان:-

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.