بەرپرسانی خۆجێیی لە تایلاند ڕایانگەیاند، کە بەیانی ئەمڕۆ هەینی (7ی ئابی 2026)، لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە نزیک بانکۆکی پایتەخت، لانی کەم دوو کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیاریی میدیا ناوخۆییەکان، هێرشبەرەکە نەوجەوانێکی تەمەن 14 یان 15 ساڵان بووە و ئەویش دوای ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە. تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا هێرشبەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە کوژراوە یان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ڕووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی ناسراو لە ناوچەی "نونتابوری" لە باکووری پایتەخت ڕوویداوە و بەهۆیەوە 15 کەس بریندار بوون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
تایلاند یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بەرزترین ڕێژەی هەڵگرتنی چەکی تێدایە؛ خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 10 ملیۆن پارچە چەک لە ناو هاوڵاتیاندا هەیە، ئەمەش بەو واتایەی کە بەرامبەر بە هەر حەوت کەسێک، یەک چەک لە وڵاتەکەدا بوونی هەیە. سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسان بۆ توندکردنەوەی یاساکانی هەڵگرتنی چەک، بەڵام ئەم جۆرە ڕووداوانە بە بەردەوامی دووبارە دەبنەوە.
ئەم هێرشە نوێیە زنجیرەیەک کارەساتی پێشووی بیرهێنایەوە؛ لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، نەوجەوانێکی دیکە لە ناو قوتابخانەیەک لە باشووری وڵات تەقەی کرد و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کوشت. هەروەها لە ساڵی 2022دا، گەورەترین کۆمەڵکوژی لە مێژووی وڵاتەکەدا ڕوویدا، کاتێک ئەفسەرێکی پێشووی پۆلیس هێرشی کردە سەر سەنتەرێکی چاودێریی منداڵان و 24 منداڵ و 12 کەسی گەورەی کوشت.
چاودێرانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن کە تێوەگلانی نەوجەوانان لەم جۆرە تاوانانەدا، نیشانەی قەیرانێکی قووڵە لە پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تایلانددا، و داوا دەکەن حکوومەت ڕێکاری بنەڕەتی بگرێتە بەر بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە چەک، بەتایبەتی لە ناو گەنجاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.