Erbil 31°C ھەینی 07 ئاب 00:21

راگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە غازی سروشتی كێڵگەی كۆرمۆر

100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی ئەو رێككەوتنە بڵاو كردەوە كە لەنێوان هەردوو كۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز و وەزارەتی كارەبای عێراق كراوە سەبارەت بە كێڵگەی غازی كۆرمۆر.

حكوومەتی هەرێم لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە "بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نەبوونە". جەختیشی كردەوە كە بە ئێستا بە گرێبەستی هەردوو كۆمپانیاكەدا دەچێتەوە و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکان بەپێی گرێبەستەكان".

دەقی راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كێڵگەی غازی كۆرمۆر:-

لە 4ی ئابی 2026 حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکوومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنها لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.

وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکانی کردووە. حکوومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکوومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.

حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوە دەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێ پاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی ڕێک دەخەن.

کرداری کۆمپانیاکان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەکانی وزەی هەرێم کە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، کردووە. ئەم داوایە لە پێناو دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە، بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاک لایەنەیان دا کە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناکات.

حکوومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەت دەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز. حکوومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.

حکوومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزە.

حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لە ڕێگەی ئەو رێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵکدان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.