وڵاتی ژاپۆن یادی 81 ساڵەی بۆردومانە ئەتۆمییەکەی سەر شاری هێرۆشیمای کردەوە، کە بە یەکەم هێرشی ئەتۆمی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت. لەو مەراسیمەدا یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە کرایەوە و داوای ئاشتی و داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە جیهان کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی ئاب، سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، لە میانی بەشداریی لە مەراسیمی تابلۆکردنی قوربانیاندا، پابەندیی وڵاتەکەی بە سێ بنەما نا-ئەتۆمییەکە دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کارەساتی هێرۆشیما و ناگازاکی هەرگیز دووبارە نەبنەوە. تاکایچی ڕایگەیاند: ژاپۆن ئامادەیە ڕێبەرایەتی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ گەیشتن بە جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی.
سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها یەک بۆمبی ئەتۆمی لە ساتێکی کورتدا ژیانی ئاسایی لە هێرۆشیما وێران کرد، ژیانی ژمارەیەکی بێشومار لە هاووڵاتیانی فەوتاند و هەموو ئەو ئاواتانەی لەناوبرد کە دانیشتوانەکەی بۆ داهاتوو هەیانبوو. داواشی کرد سیستەمی پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی زیاتر بەهێز بکرێت.
شایەنی باسە، لە 6-8-1945، ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شاری هێرۆشیمادا خستە خوارەوە، دوای سێ ڕۆژ و لە 9-8-1945، شارێکی دیکەی ژاپۆنی بە ناوی ناگازاکی بە هەمان شێوە بۆردومان کرد.
ئەو دوو هێرشە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 140,000 کەس لە هێرۆشیما و 74,000 کەس لە ناگازاکی، کە زۆربەی هەرە زۆری قوربانییەکان هاووڵاتیانی مەدەنی بوون و تا ئێستاش کاریگەرییە تەندروستییەکانی تیشکی ئەتۆمی لەسەر نەوەکانی ئەو ناوچەیە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.