بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە بە پۆشینی جلوبەرگی ژنانە و گۆڕینی شێوەی خۆی، چەندین کردەوەی دزیکردنی لە قەزای حاجیاوا ئەنجام داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی ڕاپەڕین، دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە دوای ئەوە هات کە دوو هاوڵاتی سکاڵای یاساییان تۆمار کرد؛ یەکێکیان بڕی 450,000 دیناری لە ناو ماڵەکەی و ئەوی تریان بڕی 100,000 دیناری لە ناو مارکێتەکەی لێ دزرابوو. دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، تیمەکانی پۆلیس توانییان ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە نەوجەوانە و لە ڕەگەزی نێرە، بەڵام بۆ ئەوەی گومانی لێ نەکرێت و لە چاوی کامێرا و خەڵک خۆی بشارێتەوە، جلوبەرگی ژنانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا بەکارهێناوە. تۆمەتبار (ئ.م.ک) دانی بەوەدا ناوە کە جگە لەو دوو حاڵەتە، هەوڵی دزیکردنی لە ماڵێکی دیکەشدا داوە، بەڵام بەهۆی دەستنەکەوتنی هیچ شتێکی گرانبەها، شوێنەکەی جێهێشتووە.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتبار لەبەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ناوبراو بەردەوامن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا هاوکاری تری هەبووە یان لە تاوانی هاوشێوەدا تێوەگلاوە یان نا.
ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی لە ناوچەکە دروست کردووە و پۆلیس داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر جووڵەیەکی گوماناوی، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.