Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 19:19

سەندیکای مامۆستایانی عێراق: ستایشی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

سەندیکای مامۆستایانی عێراق، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی ئالان حەمەسەید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ستایشی "پێشکەوتنە گەورەکانی" کەرتی پەروەردە و سەرکەوتنی چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستانی کرد.

عەدی حاتەم حەسەن ئەلعیساوی، نەقیبی مامۆستایانی عێراق، لە نامەکەیدا کە لە ڕێکەوتی 2ی ئابی 2026 دەرچووە، سوپاسی بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی کردووە بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی ساڵانە (KEF). نەقیبی مامۆستایانی عێراق جەختی کردەوە کە ئەو گەشەسەندنەی لە هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردەدا دەبینرێت، وەک "نموونەیەکی پێشکەوتوو و ئەزموونێکی عێراقیی پێشەنگ" سەیر دەکەن کە شایستەی دەستخۆشی و پشتیوانییە.


لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە کە کۆڕبەندەکە لەژێر دروشمی "پەروەردەی هاوچەرخ... جۆدەت و کارامەیی" بەڕێوەچوو، تێیدا ڕوانگەیەکی زانستی و ستراتیژیی ڕوون بۆ ئاییندەی خوێندن خراوەتە ڕوو. سەندیکای مامۆستایانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پڕۆسەی نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن، پەرەپێدانی ژینگەی فێربوون و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم، جێگەی سەرنج و پێزانینە.


نەقیبی مامۆستایانی عێراق ئامادەیی سەندیکاکەیانی نیشاندا بۆ بەهێزکردنی "پردی پەیوەندی و هەماهەنگی" لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان. ئامانج لەم هاوکارییە، ئەنجامدانی پڕۆژە و دەسپێشخەریی هاوبەشە بۆ بەرزکردنەوەی توانای کادیرانی پەروەردەیی و فێرکردن لە سەرانسەری عێراقدا، تاوەکو سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی یەکتر وەربگیرێت.

ئەم پێزانینە فەرمییەی گەورەترین ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە عێراق، لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک چاکسازیی ڕیشەیی لە کەرتی پەروەردەدا دەستپێکردووە. چاودێرانی پەروەردەیی پێیان وایە ئەم جۆرە لێکتێگەیشتن و ستایشانە، زەمینە خۆش دەکەن بۆ یەکخستنی ستانداردەکانی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە تەواوی وڵاتدا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.