لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای هەولێر بۆ باشترکردنی تۆڕی شەقام و ڕێگاوبانەکان، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکان و دوو شەقامی سەرەکی لە کەرتی باغلومنارە بە خێرایی بەردەوامە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی 63,887,000,000 (شەست و سێ ملیار و هەشت سەد و هەشتا و حەوت ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەکە پێکهاتووە لە: دروستکردنی تەواوی شەقامە ناوخۆییەکانی کەرتی باغلومنارە، دروستکردنی دوو شەقامی سەرەکی بە پانی 60 مەتر و جێبەجێکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
ئەم دوو شەقامە 60 مەترییە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دەبێت، بەتایبەت کە یەکێکیان ڕێگەی سەرەکیی موسڵ بە ڕێگەی مەخموور دەبەستێتەوە و ئەوەی دیکەشیان شەقامی 120 مەتری بە شەقامی 150 مەتری دەبەستێتەوە.
بەپێی پلانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بڕیارە کارکردن لەم پڕۆژەیە پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان کۆتایی بێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.