Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 02:23

25 ویلایەتی ئەمریکا دژی بڕیارەکانی ترەمپ سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن

کوردستان TV
100%

25 ویلایەتی ئەمریکا، کە دوو ویلایەتیان لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، ڕۆژی دووشەممە سکاڵایەکی یاساییان دژی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تۆمار کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ترەمپ باجی گومرگی بەسەر 60 دەوڵەتدا سەپاند، ویلایەتەکانیش پێیان وایە سەرۆک دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی تێپەڕاندووە.

پاساوەکانی سکاڵاکە لەو یاداشتەی پێشکەشی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە نیویۆرک کراوە، هاتووە: هیچ پەیوەندییەکی لۆجیکی لە نێوان کێشەی کاری زۆرەملێ لە زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و ئەو باجە گومرگییە گشتگیرانەدا نییە کە لەلایەن نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکاوە سەپێندراون.

ئەم پاکێجە نوێیەی باجە گومرگییەکان کە ڕێژەکەی لە نێوان 10% بۆ 12.5% دایە، ئابوورییە گەورەکانی وەک چین، هیندستان و یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی توندی پەکین و چەندین پایتەختی تری جیهانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کە ترەمپ لەسەرەتای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بۆ خولی دووەم، ئاڵۆزییەکی زۆری لە بازرگانی جیهانیدا دروست کردووە.

هەڵوێستی کۆشکی سپی کۆشکی سپی لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە، کوش دیسای، جەختی کردەوە کە ڕێکارەکانی ترەمپ یاسایین و ئامانجیان بنبڕکردنی ئەو سیاسەتە نادروستانەیە کە بارگرانی بۆ بازرگانی ئەمریکا دروست دەکەن. ئیدارەی ترەمپ پشت بە ماددەی 301 لە یاسای بازرگانی ساڵی 1974 دەبەستێت، کە ڕێگە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات لێکۆڵینەوە لەو کارە بیانییانە بکات کە بە جیاکاری دژی بازرگانی وڵاتەکەی دەبینێت.

جەیمیسۆن غریر، نوێنەری بازرگانی ئەمریکا لەم بارەیەوە گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیكەی سەدەیەکە قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە دەکات کە بە کاری زۆرەملێ بەرهەم دەهێنرێن، کاتی ئەوە هاتووە هاوبەشە بازرگانییەکانمان چاو لە ئێمە بکەن.

دابەشکاریی سیاسی ویلایەتەکان لە نێو ئەو 25 ویلایەتەی سکاڵاکەیان تۆمار کردووە، 23 ویلایەتیان لەژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکاندایە، لە کاتێکدا هەردوو ویلایەتی نیڤاد و ڤێرمۆنت لەلایەن پارتی کۆمارییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش نیشانەی بوونی ناڕەزایەتییە تەنانەت لە ناوخۆی پارتی سەرۆکیشدا بەرامبەر بەو بڕیارانە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.