سەرۆک بارزانی لە دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش 12 ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامیان دا ئازارێكە بۆ تاهەتایە لە یادی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە شنگال؛
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشک و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە بۆ تاهەتایە لە یادی كوردستانیاندا دەمێنێتەوە. ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و ڕەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و ڕەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی لەسەر دەستی داعش لە دەڤەری شنگال ئەنجام درا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
لە دوازدەهەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە، سڵاو بۆ دلێری و چاونەترسیی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە لەسەر چیای شنگال مانەوە و ڕێگەیان نەدا دەستی تیرۆریستان بە چیای شنگال بگات، سڵاو بۆ وەفا و ئازایەتیی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند. هەروەها پڕ بە دڵ سوپاسگوزاریی خۆمان ئاڕاستەی هەموو تاکێکی سەربەرزی کوردستان دەکەین، کە وەک یەک جەستە هاوسۆز و هاوخەمی خوشک و برایانی ئێزیدی بوون، لەگەڵ ڕێز و سوپاسی زۆرمان بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە ڕۆڵی دیاریان بینی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پاشەکشەپێکردن و تێکشکاندنی تیرۆریستاندا.
لە یادی ئەو كارەساتەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی دووپاتی دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتیوانی خواست و داواكارییەكانیانم. داواشیان لێ دەكەم لەپێناو مسۆگەركردنی دواڕۆژی گەش، لەناوخۆیاندا یەكڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت. بێگومان، ئەو دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە، تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەكانیان بكرێت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
3ـی ئابی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.