دەسەڵاتدارانی ویلایەتی واشنتن لە باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایانگهیاندووه، بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگری کێوی لە شاری سپۆکەین، هەزاران كهس له دانیشتووانی ئهو ناوچانه ماڵەکانیان چۆڵكردووه، هاوکات حاكمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باری نائاسایی ڕاگەیاندووه.
نووسینگەی حاكمی واشنتن بۆب فێرگسۆن ڕایگەیاندووە، 12 ئاگری گەورە زیاتر لە 80 هەزار و 900 هێکتار دارستانی لە سەرانسەری واشنتن سووتاندووه، ئەمەش بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە ماوەی چوارەمین ساڵی وشکەساڵی لەسەریەک لە ویلایەتەکەدا.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، وشکەساڵی مێژوویی و بای بەهێز بارودۆخێکی مەترسیداری لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا دروست كردووه.
راشیگهیاندووه: باری نائاسایی راگهیهنراوه و تا 30ی ئەیلول قەدەغەی كاری كشتوكاڵی كراوه.
لای خۆیهوه، کۆمیساری زەوییە گشتییەکان دەیڤ ئاپتێگرۆڤ دهڵێت، ئەمساڵ یەکێک بووه لە خراپترین ساڵەکانی ئاگرکەوتنەوەی كێویی کە تۆمارکراوە و دهرهاوێشتهی زۆر خراپی لێكهوتووهتهوه.
ڕۆژنامەی سپۆکەین مان-ریڤیو بڵاویکردووهتهوه، ئاگرەکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە لە ڕووباری سپۆکەین تێپەڕیوە و چووەتە ناو شارەکەوە.
بەپێی نەخشەی چۆڵکردنی ویلایەتەکە، بەرزترین ئاستی ئاگادارکردنەوەی چۆڵکردن بۆ دانیشتووان خراوهتهڕوو بۆ ناوچەیەکی فراوانی باکووری سپۆکەین ، لەنێویاندا هەزاران دانیشتووی دەوروبەری شارەکە ماڵهكانیان چۆڵكردووه،
هاوکات دەسەڵاتداران ناوەندێکی نوێیان بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان داناوە.
ویلایەتی واشنتن هاوسنوورە لەگەڵ کەنەدا، کە لە مانگی تەمموزدا ڕووبەڕووی وەرزێکی نوێی ئاگرکەوتنەوەی كێویی بووەتهوه کە مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی كهنهدا بە یەکێک لە توندترینەکانی ئاگركهوتنهوهی كێویی له مێژوودا وەسفی کردووه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.