Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 01:54

سعوودییە راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئەمریكا بۆ سەر میلشیاكانی عێراق بڵاو دەكاتەوە

100%

بەرپرسێكی باڵای سعوودییە ئەمرۆ هەینی راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی و میلشیاكان لە چەند پارێزگایەكی عێراق بڵاو كردەوە، لە راگەیەنراوەكەدا دووپات کرایەوە کە هێرشەكە بەهیچ شێوەیەك ئاڕاستەی گەل یاخود حکوومەتی عێراق نەکراوە.

میدیایەکانی سعوودییە لەسەر زاری سەرچاوەیەكی باڵای وڵاتەكەیان گواستیانەوە کە "سعوودییە پەرۆشی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ عێراق، چ حکوومەت و چ گەلەکەی. ڕوونیشی کردەوە کە "هێرشە ئاسمانییەکە بەهیچ شێوەیەك دژی گەلی عێراق یاخود حکوومەتی عێراق نەبووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێرشە ئاسمانییەکان تواناکانی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کردووەتە ئامانج کە هەڕەشەیان لە ئاسایشی سعووییە کردووە و دامەزراوە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج". هەروەها "هێرشەکە بەستراوەتەوە بەو دەستدرێژییانەی کە خاکی سعوودییە و ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکانیان کردبووە ئامانج".

سەرچاوە باڵاكەی سعوودییە دەشڵێت: وەڵامەکەی سعوودییە دوای ئەوە هات کە سەرجەم ڕێکارە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بەکارهێنران و بەرزترین ئاستی خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن نیشان درا.

جەختی كردەوە كە "ئەو میشیلیا و گرووپانە تەنانەت کار بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکەن".

لە كۆتاییدا گوتی "ئەو گرووپانە کار دەکەن بۆ ئەوەی خاکی عێراق بکەنە ئامرازێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ". ڕوونی کردەوە کە "ئەوەی ئێستا لەلایەن هەندێک لایەن لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەكەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت، هەوڵێکە بۆ گڕدانی تایفەگەری".

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریکا و سعوودییە هێرشێكی ئاسمانی هاوبەشیان بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی دیكە لە چەند پارێزگایەكی عێراق ئەنجام دا، لە ئەنجامی هێرشەكە 20 كەس كوژران و 32 كەسی دیكەش برینداربوون.

دوای ئەنجامدانی هێرشەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند كە هێرشەكانیان بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەنجامداوە.

دوێنێ پێنجشەممەش حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەو گوتانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بەدرۆ خستەوە و رایگەیاند كە، حکوومەتی عێراق هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی لەسەر ئەو هێرشانە نەبووە کە کراونەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراقدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.