وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئەمڕۆ هەینی ئاشكرای كرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 49 هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی سنووری مەغریبەوە هاتوونەتە ناو شاری سەبتەی ئیسپانیاوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دوای ئەوەی باری نائاسایی لە شاری سەبتە راگەیەنرا، حکوومەت 60 سەرباز و 200 پۆلیسی پسپۆڕی ڕەوانەی شارەكە کرد.
هەروەها رایگەیاند: ئێستا رەوشی شاری سەبتە بەتەواوەتی ئاڵۆز بووە و فرۆشگاکان داخراون، لە هەمانکاتدا خاوەن کارەکان ڕێکاریان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی موڵکەکانیان.
وەزارەتەکە ئاشكراشی كرد كە ئەمڕۆ هەینی تەرمی 9 کۆچبەری دیكەیان دۆزیوەتەوە، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی تۆمارکراو لە هەوڵەکانی پەڕینەوە بۆ 60 کەس بەرزبووەتەوە.
گوتیشی كە نەك هەر شاری سەبتە، بەڵكو ئاڵۆزییەکان تەشەنەیان سەندووە بۆ شاری مەلیلە (دووەم ناوچەی ئیسپانی لە باکوری ئەفریقا)، لەوێش شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە و ئاگر لە سێ ئۆتۆمبێل بەردراوە و چەندین برینداریشی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە کۆتایی راگەیەنراوكەدا جەختی كردەوە كە مەدرید بەڵێنی داوە هەموو ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاكی ئیسپانیاوە، تۆڕەکانی قاچاغچییەتی تۆمەتبار کرد بەوەی كە ڕەوشەكەیان قۆستووەتەوە و هەزاران هاووڵاتی مەغریبییان بە بەلەم گواستووەتەوە بۆ كەناراوەكانی ئیسپانیا.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە دوێنێوە پیدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بە یاوەری وەزیری ناوخۆ، ڕووی لە شاری سەبتە کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکان و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی شارەكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.