Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 08:17

ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیا و بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە (30ی تەممووزی 2026)، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بە مۆسکۆ وەرگرت و ڕایگەیاند کە فەڕەنسا بە "وپەڕی توندییەوە" سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ڕووسیا دەکات کە بوونەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا.

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە پەیامێکدا کە بە سێ زمانی جیاواز بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە کوژرانی مەدەنییەکان، بەزاندنی ئاسمانی وڵاتی پۆڵەندا لە لایەن ڕووسیاوە کارێکی "مەترسیدارە". ماکرۆن جەختی کردەوە کە پشتگیرییەکانی پاریس بۆ ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی وەک خۆی دەمێنێتەوە و وتی: "پشتیوانیی ئێمە بۆ ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانمان هەرگیز سست نابێت، چونکە ئەمە بابەتێکی پەیوەستە بە ئاسایشی بەکۆمەڵی هەموومانەوە."


ئەم کاردانەوەیەی فەڕەنسا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد توسك، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، پشتڕاستی کردەوە کە لە کاتی هێرشە مووشەکییە بەرفراوانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزێندراوە. ماکرۆن بەم لێدوانەی دەیەوێت پەیامێکی ڕوون ئاڕاستەی ڤلادیمێر پوتین بکات کە هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، بە وەڵامێکی یەکگرتوو ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی دەستەواژەی "ئاسایشی بەکۆمەڵ" لە لایەن ماکرۆنەوە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەوروپا بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێریی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکات و ڕێگە نادات جەنگەکە بگوازرێتەوە بۆ ناو سنوورەکانی یەکێتییەکە. ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە چڕە دیپلۆماسییەکان لە واشنتۆن و مانیلا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانە جیهانییەکان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.