Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 02:36

لە کاتی وەرگرتنی 10,000 دۆلار بەرتیل دەستەی دەسپاکی بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای دیالەی دەستگیر کرد

100%

دەستەی دەسپاکیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، فەرمانبەرێکیان لە دیوانی پارێزگای دیالە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە دەستەی دەستپاکی بڵاویکردووەتەوە، تیمەکانیان توانیویانە فەرمانبەرەکە لە کاتی وەرگرتنی بڕە پارەیەک (بەرتیل) لە هاووڵاتییەکدا دەستگیر بکەن بەرانبەر بەوەی بەڵێنی پێداوە ڕاسپاردەکانی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات، بە سوودی ئەو هاووڵاتییە بگۆڕێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تیمێکی بەشی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتن لە نووسینگەی دیالە، دوای وەرگرتنی زانیاری و سکاڵای هاووڵاتییەک کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەشی کاروباری یاسایی لە دیوانی پارێزگا داوای پارەی لێ کردووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، کەمینێکی توند بۆ تۆمەتبارەکە دانرا و لە کاتی وەرگرتنی بەشی یەکەمی بەرتیلەکەدا دەستگیر کرا.

بڕی ئەو پارەیەی کە لەسەری ڕێککەوتبوون 10,000 دۆلاری ئەمریکی بووە، کە بڕیار بووە بە دوو قۆناغ بدرێت. لە کاتی پڕۆسەی دەستگیرکردنەکەدا، هێزەکانی دەسپاکی دەستیان بەسەر هەموو ئەو دۆسیە و بەڵگەنامە فەرمییانەشدا گرت کە پەیوەندییان بەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەوە هەبووە و لە ناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەدا بوون.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و تۆمەتبارەکە ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقووبە (تایبەت بە کەیسەکانی دەسپاکی) کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویستی لە بەرانبەر بگیرێتەبەر.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.