Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 21:52

ترەمپ لە واشنتن پێشوازی لە نەتانیاهۆ و زێلێنسکی دەکات

100%

سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن پێشوازی لە سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات و شەڕی ئۆکراینا - ڕووسیا و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکا لە واشنتن پێشوازیی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکات. ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکی هەستیاردان، کە تێیدا جەنگەکانی ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی چارەنووسسازدان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ترەمپ لە کاتێکدا پێشوازی لەم دوو سەرکردەیە دەکات کە ئاراستەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەکێکیان جیاوازە. پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی ڕووی لە گەرمبوون کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆکراینا توانی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا خاو بکاتەوە. لە بەرامبەردا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتانیاهۆ تێکەڵەیەک بووە لە ساردوگەرمی، بەهۆی بێزاریی کۆشکی سپی لە خاوبوونی پڕۆسەی چارەسەری ململانێی ئێران و ناڕەزایەتیی بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ بەرامبەر تێوەگلانی قووڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە بەرەو واشنتن بەڕێکەوتووە، ڕایگەیاند: "لەم کاتە ئاڵۆزانەدا پێویستە بە ئیرادە و حیکمەتی گەورەوە مامەڵە بکەین، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیشمان پرسی ئێران و پاراستنی ئاسایش دەبێت." سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەتانیاهۆ دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی 27ی ئۆکتۆبەر، پشتگیریی ترەمپ بۆ خۆی مسۆگەر بکات تاوەکو پێگەی ناوخۆیی خۆی بەهێز بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئامانجی دەستکەوتنی هاوکاریی سەربازیی زیاتر لە واشنتنە. سەرچاوە ئۆکرانییەکان باس لەوە دەکەن کە زێلێنسکی فشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ کڕینی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" و تەواوکردنی گرێبەستی درۆن. بڕیارە زێلێنسکی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ، لەگەڵ هەر 100 سیناتۆرەکەی ئەمریکا کۆببێتەوە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترەمپ لەگەڵ نەتانیاهۆ تاووتوێی "ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام" و زیادکردنی سعوودیە بۆ ناو ڕێککەوتنەکە دەکات، هەرچەندە ڕیاز مەرجی بەدەوڵەتبوونی فەلەستینی داناوە. سەبارەت بە ئۆکرایناش، ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئێستا کاتی کۆتاییهێنانە بە شەڕەکە" و پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا تاووتوێ دەکات.

ئەم سەردانانە هاوکاتن لەگەڵ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سیناتۆر لیندسی گراهام، کە یەکێک بوو لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ترەمپ و دۆستێکی نزیکی ئۆکراینا و ئیسرائیل.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.