Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 08:15

عەلی زەیدی بڕیاری دا لێكۆڵینەوە لەو هێرشە درۆنیانە بكرێت كە لە عێراقەوە ئاراستەی سعوودییە كراون

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە دەست بە لێکۆڵینەوە لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی سعوودییە بكەن سەبارەت بە ئامانجگرتنی وڵاتەكەیان بە درۆن لەناو خاکی عێراقەوە.

سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە سەرجەم لایەنە ئەمنییە پەیوەندارەکان كردووە لێكۆڵینەوە لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی سعوودییە بكەن كە گوتبووی لەناو خاكی عێراقەوە بە درۆن هێرشكراوەتە سەر وڵاتەكەیان.

سەباح نوعمان هەروەها رایگەیاند: حکوومەتی عێراق جەخت لەسەر پابەندبوونی دەستووری و نەگۆڕی خۆی بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش دەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نەدات بە بەکارهێنانی خاکەكەی وەک ڕێڕەو یان سەکۆیەک بۆ هەر دەستدرێژییەک کە وڵاتانی دراوسێ یاخود دۆست بە ئامانج بگرێت.

ڕاشیگەیاند: ئێستا سەرجەم لایەنە پەیوەندارەكان بەدوای بەڵگە و زانیارییەکاندا دەگەڕێین و ڕێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە لە کردەوەكەدا تێوەگلابێت.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە كۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی عێراق پەیوەندییەكی برایانەی بەهێز و قووڵی لەگەڵ وڵاتی سعوودییە هەیە و ئەو پەیوەندییەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش دامەزراون.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سعوودییە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كە چەند درۆنێك لەناو خاكی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەكەیان كراوە و هەوڵدراوە دامەزراوە نەوتییەکان بە ئامانج بگرن.

وەزارەتی بەرگریی سعوودییە راشیگەیاند كە ئەم هەوڵە تیرۆریستییە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجامدراوە. جەختیشی کردەوە كە ئەوان بە مافی خۆیان دەزانن بەرگری لە خۆیان بكەن و هەروەها مافی وەڵامدانەوەشیان لە کات و شوێنی گونجاودا هەیە.

داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سعوودییە و وڵاتانی ناوچەكە بەگشتی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.