Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 10:35

سۆران: هەڵمەتێکی نیشتمانیی یەک ساڵە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە ڕاگەیەندرا

Kurdistan Ahmed
100%

لە مەڕاسیمێکی فراواندا لە زانکۆی سۆران، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لەژێر دروشمی "بەیەکەوە بەرەو کۆمەڵگایەکی دوور لە شێرپەنجە" ڕاگەیەندرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د. شێروان شەریف قرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، یاداشتنامەی دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە واژۆ کرا. پڕۆژەکە سێ کۆڵەکەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: "هۆشیاری، توێژینەوە و هیوا" بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

ئەم هەڵمەتە ئەنجامی هەماهەنگییەکی نزیکی نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی، زانکۆی سۆران و وەزارەتی تەندروستییە. ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە، کارکردنە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی هاوڵاتیان بۆ خۆپارێزی و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ورد لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و دابینکردنی پاڵپشتیی مەعنەوی بۆ نەخۆشەکان.

وەزیری تەندروستی لە میانی مەڕاسیمەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر هەیە و سوپاسی لایەنە بەشداربووەکانی کرد بۆ ئەم دەسپێشخەرییە. هەروەها سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە دەزگاکەیان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کەرتی تەندروستی و گەیاندنی هیوا بەو خێزانانەی کە ڕووبەڕووی ئەم تەحەدایە دەبنەوە.

لە مەڕاسیمەکەدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکومی و حزبی، مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتییە ئاینییەکان ئامادە بوون. چاودێران پێیان وایە تەرخانکردنی ساڵێک بۆ ئەم هەڵمەتە، دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت تاوەکو ناوەندە زانستی و خێرخوازییەکان پێکەوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.