Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 10:33

گەرمیان.. سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی دزینی 7,500 دۆلار و بڕێک زێڕ دەستگیرکران

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی باندێکی سێ کەسیی ڕاگەیاند، کە هەستابوون بە دزینی قاسەی ماڵێک لە قەزای کەلار کە بڕێکی زۆر پارە و زێڕی تێدابووە.

عەقید سۆران محەمەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان سکاڵای تۆمارکرد و هێزەکانی پۆلیسی ئاگادارکردەوە کە لە گەڕەکی شەهیدان لە قەزای کەلار قاسەی ماڵەکەی دزراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەستیپێکرد.

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بەدواداچوونێکی چڕ، تیمەکانی نەهێشتنی تاوان توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن کە پێکەوە تاوانەکەیان ئەنجامدابوو، هاوکات دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیرا کە لە کردەوەکەدا بەکاریان هێنابوو.

تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دەرکەوتووە کە بڕی 7,500 دۆلاری ئەمریکی، دەمانچەیەک و چەند پارچە زێڕێکیان لە ناو قاسەی سکاڵاکاردا دزیوە.

لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزاکانی عێراق، هەر سێ تۆمەتبارەکە ڕاگیراون و دەست بەسەر کەلوپەلە دزراوەکانیشدا گیراوە، لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.