Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 00:36

ژیریی دەستکرد دەرفەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کتێبەکان بۆ خوێنەران دەڕەخسێنێت

100%

جیهانێکی نوێ لە خوێندنەوە لەبەردەم مرۆڤایەتیدایە، کە تێیدا خوێنەر تەنها وەرگر نییە، بەڵکو دەتوانێت لە کاتی خوێندنەوەدا پرسیار لە کتێبەکە بکات و وەڵام وەربگرێتەوە. ئەمە ئەو پڕۆژە نوێیەیە کە چەندین کۆمپانیای تەکنەلۆژی لە ڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردەوە (AI) کاری لەسەر دەکەن.

ئەحمەد کامل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەکۆی (Sinai.ai) کە ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە ڕایگەیاند: تۆ مامەڵە لەگەڵ کتێبێکدا دەکەیت وەک ئەوەی بوونەوەرێکی زیندوو بێت، ئەمە ئەزموونێکی تەواو جیاوازە. لە ڕێگەی ئەم ئامرازە نوێیانەوە، خوێنەران دەتوانن لە پەنای کتێبە ئەلیکترۆنی یان دەنگییەکەیاندا، چاتبۆتێکی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی ناوەڕۆکی کتێبەکە.

ئەم تەکنەلۆژیایە ڕێگە بە خوێنەر دەدات بەدواداچوون بۆ دەروونناسی کارەکتەرەکان، چوارچێوەی مێژوویی یان چەمکە فەلسەفییە ئاڵۆزەکان بکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە گەڕانی دەرەکی بێت. لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای (My Smart Book) ـی فەڕەنسی لە ناوەڕاستی مانگی 4ـی ئەمساڵدا خزمەتگوزارییەکی هاوشێوەی ڕاگەیاند، کە تێیدا چاتبۆتەکە تەنها پشت بە دەقی ناو کتێبەکە دەبەستێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.

هاوکات کۆمپانیای (Amazon) یش لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (Audible) بۆ کتێبی دەنگی، لە پاییزی ڕابردوودا تایبەتمەندی (Ask a Question) ـی کارا کردووە. ئەم تایبەتمەندییە دەرفەت دەداتە گوێگر کە لە ناوەڕاستی گوێگرتندا پرسیارەکانی ئاڕاستە بکات و وەڵام وەربگرێتەوە، پاشان بەردەوام بێت لە گوێگرتن لە چیرۆکەکە.

گوتەبێژێکی کۆمپانیای (Audible) بە ئاژانسی AFPـی ڕاگەیاندووە: ئێمە بەپەرۆشین بۆ پەرەپێدانی ئەم تایبەتمەندییانەی ژیریی دەستکرد، کە ئەزموونی کڕیارانمان دەوڵەمەندتر دەکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامرازەکە بە تایبەت دیزاین کراوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە پەیوەستن بەو کتێبە دەنگییەی خوێنەر لەو ساتەدا بەکاری دەهێنێت.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.