قەیرانی نێوان کەریم بنزیما، هێرشبەری ناوداری فەڕەنسی و یانەی هیلالی سعوودی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی یاریزانەکە سووربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییەکانی وەک مەرجێک بۆ جێهێشتنی یانەکە نیشاندا.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "الرياضية"، بنزیما پێشنیارێکی ئیدارەی یانەی هیلالی بۆ گواستنەوەی بۆ یەکێک لەو یانانەی کە نوێ سەرکەوتوون بۆ خولی ڕۆشنی سعوودی ڕەتکردووەتەوە. یاریزانەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا بەو مەرجە ڕازی دەبێت یانەکە جێبهێڵێت کە تەواوی مووچەی ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی پێبدرێت، تاوەکو بتوانێت وەک یاریزانێکی ئازاد و بێ کۆتوبەند وێستگەی داهاتووی دیاری بکات.
ئەم هەڵوێستەی بنزیما ئیدارەی یانەی هیلالی خستووەتە بەردەم تەحەدایەکی گەورە، چونکە یانەکە دەیەوێت پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، لیستی یاریزانە بیانییەکانی ڕێکبخاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیمۆنی ئینزاگی، ڕاهێنەری ئیتاڵیی یانەکە، پێی وایە بنزیما لەگەڵ پلانە تەکنیکییەکانی ئەو ناگونجێت و داوای لە ئیدارە کردووە هێرشبەرێکی جیهانیی نوێ بگوازنەوە.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، بنزیما کەمپی مەشقی یانەکەی لە نەمسا جێهێشت و بەرەو پاریس بەڕێکەوت. هەرچەندە ئەم گەشتە گومانی دروستکرد، بەڵام دواتر دەرکەوت بۆ بەشداریکردن بووە لە جامی جیهانیی یارییە ئەلیکترۆنییەکان (EA Sports FC)، کە تێیدا خەڵاتەکان دەگەنە 75 ملیۆن دۆلار. بنزیما پێش جێهێشتنی کەمپەکە، لە دوو یاریی دۆستانەی یانەکەیدا بەشداریی کرد و گۆڵێکی بەرامبەر شتۆرم گراتس تۆمار کرد.
سەبارەت بە جێگرەوەکانی بنزیما، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیلال نزیکە لە ناردنی داروین نۆنێز بۆ خولی پورتوگالی بە شێوەی خواستن، هاوکات ناوی پێدرۆ نێتۆ، باڵی یانەی چێڵسی، وەک بژاردەیەکی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکە دەهێنرێت.
جێی ئاماژەیە، کەریم بنزیما لەو کاتەوەی پەیوەندی بە هیلالەوە کردووە، بەشداریی لە 13 یاریدا کردووە، تێیدا 9 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 گۆڵی دیکەشی دروستکردووە. سەرەڕای بەشداریی لە بەدەستهێنانی جامی خادمی حەرەمەین، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی ڕەزامەندیی جەماوەری یانەکە بەدەستبهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.